هێزە ئەمنییەکانی ئێران چالاکوانێکی میدیایی کوردیان لە شاری تکاب دەستگیر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستەوە، بێ ئەوەی هیچ زانیارییەک لە بارەی هۆکاری دەستگیرکردن و شوێنی نیشتەجێبوونی ئێستایەوە بەردەست بێت.
بەگوێرەی زانیاری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، عابد عەلیزاده، چالاکوانی میدیایی، ئێوارەی ١٩ی ئابی ٢٠٢٦ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەبێ پیشاندانی هیچ فەرمانێکی دادوەری لە تکاب دەستگیر کراوە.
عەلیزاده لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چالاک بووە و پشتگیریی خۆی بۆ خەڵک و قوربانییانی خۆپیشاندانەکانی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ دەربڕیوە، بەردەوام لەسەر کلتور و زمانی کوردی و پرسە کۆمەڵایەتییەکانی تریش نووسیوەتی.
لە ئێستادا سەرەڕای هەوڵەکانی خێزانەکەی، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نییە.