دوای کۆتاییهاتنی پشووی هاوینە، ئەمڕۆ پەرلەمانی تورکیا جارێکی دیکە دەست بە کارەکانی دەکاتەوە، لە کاتێکدا پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان، پرۆسەی ئاشتی و یاسای چوارچێوە نەخراونەتە ناو خشتەی کارەکانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆوە.
سەرەڕای ئەوەی چاوەڕوان دەکرا لەگەڵ دەستپێکردنەوەی پەرلەماندا، یاسای چوارچێوە و پێکهێنانی کۆمیسیۆنە تایبەتەکان ببنە تەوەرەی سەرەکی، بەڵام ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا باس ناکرێت.
لە بەرامبەردا، فەرمانگەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا دوێنێ ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کۆتا پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی و پاراستنی ئاسایشی وڵات کراوە.
هەروەها تاوتوێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل، کاریگەرییەکانیان لەسەر ناوچەکە و پێشێلکردنی سەروەریی خاکی سوریا، یەکێکی دیکە بوو لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا.