مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە لێدوانێکی نوێیدا جەخت لەسەر پێویستیی یەکجاریی تێپەڕاندنی دۆخی ئێستای گرژییەکان دەکاتەوە و دەڵێت، پێویستە کۆتایی بە دۆخی ناسراو بە "نە جەنگ و نە ئاشتی" بهێنرێت و دۆخەکە یەکلایی بکرێتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە کە عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامی، پێش کوژرانی لە کۆبوونەوەکانیدا جەختی لەسەر هەمان ئاراستە کردبووەوە و رایگەیاندبوو کە دەبێت لەو دۆخە نەخوازراوە دەرباز بن.
بە گوتەی سەرۆککۆماری ئێران، بڕیاردان لەم بارودۆخە هەستیارەدا دەبێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندی، زانایی، و سەربەرزی بێت، نەک ئەوەی لە بەرامبەر دوژمندا بە زەییلییەوە سەر دانوێنن.
پزشکیان باوەڕی وایە بە هێز و بەکارهێنانی عەقڵ دەکرێت دابنیشن و کێشە و ئاڵۆزییەکان لەگەڵ لایەنەکاندا چارەسەر بکەن.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، پزشکیان ئاشکرای کرد کە لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەییدا چەندین جار جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە بە بڕوای شارەزایان، لێکتێگەیشتنی ئەم دواییەی پێشوو لەگەڵ ئەمریکادا باشترین بژاردە بووە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان.