وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لیستی مووچەی مانگی ئاب و تەرازووی پێداچوونەوەی داهات و خەرجییەکانی مانگی تەمووزی ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە (٢٣ی ئابی ٢٠٢٦)، تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی لیستی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بۆ مانگی ئاب، خستە بەردەم فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی، هاوکات لەگەڵ لیستی مووچەکەدا، ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی دارایی تایبەت بە خەرجی و داهاتەکانی مانگی تەمووزی ٢٠٢٦ پێشکەش بە لایەنی پەیوەندیداری عێراقی کراوە.
ئامانج لەم هەنگاوە، خێراکردنی پڕۆسەی وردبینیکردن و دابینکردنی شایستە داراییەکان و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە لە کاتی خۆیدا.