کۆبوونەوەی شاندی ئێران و ئەمریکا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کاردانەوەی ناوخۆیی لێکەوتەوە و پەرلەمانتارێکی ئێرانیش داوای لێپرسینەوە لە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی دەکات.
عەلی خزریان، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران، لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، گفتوگۆکانی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا «بێ مۆڵەت» و لە دەرەوەی چوارچێوەی سیاسەتە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئەنجام دراون.
خزریان ئاماژەی بەوەش کرد کە ژمارەیەک لە نوێنەرانی پەرلەمان داواکاریی فەرمییان بۆ لێپرسینەوە لە عێراقچی تۆمار کردووە و پێویستە ناوبراو دوای گەڕانەوەی لە گەشتەکەی، لە پەرلەمان ڕوونکردنەوە بدات کە ئەو گفتوگۆیانە لەسەر چ بنەمایەک کراون.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی ئێران جەختی کردەوە، لە کاتێکدا هەڕەشەکان دژی تاران بەردەوامن، ئەنجامدانی ئەم جۆرە گفتوگۆیانە لەگەڵ ئەمریکا پێگەی وڵاتەکەی لە بەرامبەر واشنتندا لاواز دەکات.