بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەی بەدواداچوون و هەماهەنگیی تایبەت بە یاسای چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی، بە سەرۆکایەتیی جەودەت یەڵماز، جێگری سەرۆککۆماری تورکیا لە شاری ئەنقەرە کۆبێتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا کارەکانی لیژنەکان و چۆنییەتیی هەماهەنگیی نێوان دامەزراوەکان تاوتوێ بکرێت، هەروەها دامەزراندنی لیژنە تایبەتمەندەکان یەکێکی تر دەبێت لە مژارە سەرەکییەکانی خشتەی کاری کۆبوونەوەکە.
بڕیارە ئەم کۆبوونەوەیە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵا و وەزیرانی پەیوەندیدار بەڕێوەبچێت، لەوانەش وەزیری داد، وەزیری ناوخۆ، وەزیری دەرەوە، وەزیری بەرگری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت)، لەگەڵ نوێنەرانی سکرتارییەتی سەرۆککۆمار و ئەنجوومەنی ئاسایش.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە پێشتر پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاندبوو؛ بڕیارە عەبدوڵا ئۆجالان، سەرۆکایەتیی لیژنەی "چەکدانان و بەسیاسیکردن" بکات.