ئەمڕۆ سێ ساڵ بەسەر ڕووداوی 7ی ئۆکتۆبەری 2023دا تێدەپەڕێت؛ ئەو ڕۆژەی لە سەرەتادا وەک جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەناسرا، بەڵام لێکەوتەکانی زۆر فراوانتر بوون و دەرئەنجامەکەی بەسەر پێگەی ئێران و هاوپەیمانەکانیدا شکایەوە.
لەو ڕۆژەدا، حەماس بە هێرشێکی لەناکاو بۆ سەر باشووری ئیسرائیل، نزیکەی 1200 کەسی کوشت و 251 بارمتەی گرت؛ ڕووداوێک کە هاوسەنگیی هێز و مێژووی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆڕی و بە گەورەترین شکستی مێژوویی لە ئەژماری ئیسرائیلدا دانا.
هەرچەندە هێرشەکە گورزێکی قورس بوو، بەڵام وەڵامدانەوەی ئیسرائیل سنووری غەزەی تێپەڕاند و زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکەی گرتەوە، بە جۆرێک بووە هۆی لاوازکردنی بەرەی "موقاوەمە" کە ئێران بۆ دەیان ساڵ کاری بۆ دروستکردنی کردبوو.
لەم پێناوەدا، لە ڕووی سەربازییەوە زیانی قورس بەر حەماس کەوت و سەرکردە دیارەکانی وەک یەحیا سنوار و ئیسماعیل هەنیە لەناوچوون. هەروەها حیزبوڵای لوبنانی بەشێکی گەورەی توانای مووشەکی و فەرماندەیی خۆی لەدەست دا، ڕژێمی ئەسەد لە سووریا ڕووخا، و لە هێرشێکدا بۆ سەر حوسییەکانی یەمەنیش زۆرینەی وەزیرانی حکومەتەکەیان کوژران.
لووتکەی ئەم گۆڕانکارییە سەربازییانە سەرەتای ئەمساڵ ڕوویدا، کاتێک ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشی هاوبەشیان دژی سەرکردایەتیی ئێران دەستپێکرد و عەلی خامنەیی، ڕێبەری ئێران لەگەڵ ژمارەیەک لە باڵاترین بەرپرسە سەربازییەکانی وڵاتەکە کوژران.
ئەم هێرشانە بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکیی تارانیان پەکخست و ئێستا ئەو وڵاتە لەبری باڵادەستی، تەنها هەوڵی مانەوەی دەدات.
لە لایەکی دیکەوە، گوشارە نێودەوڵەتییەکان، داخستنی ڕێگە دەریایی و ئاسمانییەکان لەسەر ئێران، لەناوجوونی گرنگترین سەرچاوەکانی داهات و داڕمانی تمەن و ئابووریی وڵاتەکە، قەیرانەکانیان گەیاندووەتە لوتکە.
سێ ساڵ دوای ئەو ڕووداوە، ڕۆژهەڵاتی ناوین جارێکی تر وەکو جاران نەماوە؛ بەرەی مقاومەت لاواز بووە، ئیسرائیل لە ڕووی سەربازییەوە هەڵوێستی توندتر و بوێرتر وەرگرتووە و ڕایگەیاندووە کە تاوەکو ڕووخانی تەواوەتیی پێگەی ئێران و لەناوبردنی تەواوی بەرەکەیان بەردەوام دەبن. مێژوو سەلماندوویەتی کە هێزە ناوچەییەکان لەو کاتەدا دەڕووخێن کە قووڵایی ستراتیژییان لەدەست دەدەن، و 7ی ئۆکتۆبەر بۆ ئێران خاڵی دەستپێکی ئەم چارەنووسە بوو.