ڕاستەوخۆ

دوای 10 ساڵ؛ گۆڕێکی بەکۆمەڵی هاووڵاتییانی ئێزدی لە شنگال هەڵدەدرێتەوە و ڕووفاتەکانیان دەنێردرێنە بەغدا

reset font size increase font size

دوای تێپەڕبوونی دە ساڵ بەسەر نێژرانیان بەشێوەیەکی کاتی، بڕیارە لە ڕۆژی ١٩ی مانگی داهاتوودا گۆڕێکی بەکۆمەڵ کە ڕووفاتی ٦٩ هاووڵاتیی ئێزدیی خەڵکی گوندەکانی سنوونێی تێدایە، لە نزیک مەزاری شەرفەدین لە چیای شنگال هەڵبدرێتەوە.

پەیمانگای دادوەیی بەگدا ڕایگەیاندووە، پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕەکە لە ماوەی دوو ڕۆژدا ئەنجام دەدرێت و دواتر ڕووفاتەکان بۆ ئەنجامدانی پشکنینی (DNA) و دیاریکردنی ناسنامەکانیان ڕەوانەی پزیشکی دادی بەغدا دەکرێن، تاوەکو لە کۆتاییدا ڕادەستی کەسوکارەکانیان بکرێنەوە بۆ ئەوەی بەپێی ڕێوڕەسمی تایبەتی خۆیان بینێژرێنەوە.

 بەگوێرەی ئامارە بەردەستەکان، تا ئێستا ٩٦ گۆڕی بەکۆمەڵ لە سنووری قەزای شنگال دۆزراونەتەوە، کە لەو ژمارەیە ٧٧ گۆڕ هەڵدراونەتەوە و ٨٥٧ ڕووفاتیان لێ دەرهێنراوە؛ لەو ڕووفاتانەش ٢٩٦یان ڕادەستی خێزانەکانیان کراونەتەوە و ٥٦١ ڕووفاتی دیکە هێشتا لە پزیشکی دادیی بەغدان و ناسنامەیان یەکلایی نەکراوەتەوە.

 لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا، چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش پەلاماری قەزای شنگال و دەوروبەری دا، کە تێیدا هەزاران هاووڵاتیی ئێزدیی شەهید کردن و هەزاران ژن و منداڵیشیان ڕفاند، کە تا ئێستاش چارەنووسی بەشێکی زۆریان بە نادیاری ماوەتەوە.

 

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.