سەرۆکی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان ڕایگەیاند کە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا تەنیا لەبەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە ناوچەکەدا بوون و نەبوون، و جەختیشی کردەوە کە گەلی کورد بە بێ ئەوانیش دەتوانێت بەرگری لە خۆی بکات و درێژە بە خەباتەکەی بدات.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (نوچە تیڤی) سەبارەت بە کاریگەریی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، جەمیل هەورامی، سەرۆکی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان، وتی: "ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا بۆ بەرژەوەندیی خۆیان لێرەن نەک لەبەر خاتری کوردستان، بۆیە کورد بەبێ ئەوانیش دەتوانێ خۆی بپارێزێت و خەباتەکەی بەردەوام بێت."
ناوبراو ڕەخنەی لە هەڵوێستی مێژوویی ئەو وڵاتانە گرت و ئاماژەی بەوە دا کە ئەوان لە سیاسەتی خۆیاندا هەمیشە لەگەڵ حکومەتە ناوەندییەکانی ناوچەکەدا بوون نەک بە تەنیا لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا.