ماڵپەڕی ئەکسیۆس بڵاویکردوەیەوە، وەزیری دەرەوەی سووریا ڕۆژی یەکشەممە لە وڵاتی جۆردن لەگەڵ شاندێکی باڵای ئیسرائیل کۆبووەوە، ئەوەش یەکەمین کۆبوونەوەی لەو شێوەیە بوو کە بە نێوەندگیریی ئەمەریکا و بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکان دوای زنجیرەیەک هێرشی ئیسرائیل ئەنجامدرا.
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی لە وەزارەتی دەرەوەی سووریا بە ماڵپەڕەکەی ڕایگەیاند؛ کۆبوونەوەکە تیشکی خستووەتە سەر دۆزینەوەی میکانیزمی پراکتیکی بۆ ڕاگرتنی هێرش و پەلامارەکانی ئیسرائیل، هەروەها بوژاندنەوەی پڕۆسەی دانوستان بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئەمنی کە ببێتە بنەمایەک بۆ ڕێککەوتنی گشتگیرتر لە داهاتوودا.
لە بەرامبەردا، شاندی سووری جەختی لەسەر سەروەریی خاکی وڵاتەکەی و مافی تەواوی بۆ بنیاتنانەوە و پێشخستنی سوپای نیشتمانی و دیاریکردنی هاوپەیمانییەکان لە بەرژەوەندیی نیشتمانیدا کردەوە.
هاوکات، ئیسرائیل داوای پابەندبوون بە دۆخی پێشووی ئەمنیی کرد و هێرشەکانی پێشووی خستە پاڵ ڕێگەدان بە جێگیرکردنی هێزەکانی تورکیا لە نزیک بنکەیەکی ئاسمانی لە حەلەب، هەرچەندە تورکیا ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە.
ئەم پەرەسەندنە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە واشنتۆن هێرشەکانی ڕابردووی ئیسرائیلی بە "پەرەسەندنێکی پێویستنەکراو" وەسف کردووە و لایەنەکانیش تاوتوێی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیلیان لە ناوچە سنوورییەکان و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستی ١٩٧٤ کردووە.