لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و کشانەوەی فەرمیی هێزەکانی ئەمریکا، گۆڕانکارییەکی گەورە لە دۆخی ئەمنی و سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستاندا ڕوو دەدات، ئەمەش کاردانەوەی جۆراوجۆری لێکەوتووەتەوە و نیگەرانیی قووڵی بەدوای خۆیدا هێناوە.
پێناسەی نوێی پینتاگۆن و نیگەرانییەکانی هەرێم
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پینتاگۆن) لە ڕاگەیەندراوێکدا کۆتاییهاتنی فەرمی بە ئەرکە سەربازییەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند. لە بەرانبەردا، حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداریی توندی دا؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی (فاینانشاڵ تایمز) ئاشکرای کرد کە هەرێم لە ماوەی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێراندا ڕووبەڕووی زیاتر لە هەزار هێرشی درۆنی و مووشەکی بووەتەوە، و جەختی کردەوە که «
"دەرچوونی هێزە ئەمریکییەکان بەبێ دابینکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی کارەسات دەخولقێنێت"
هەڵوێستی لایەنەکان و ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز
ئاژانسی هەواڵی (ڕۆیتەرز) لە ڕاپۆرتێکدا تیشکی خستە سەر لێکەوتەکانی ئەم کشانەوەیە و بڵاوی کردەوە کە چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەبێتە هۆی پەرەسەندنی دەسەڵاتی هێزە چەکدارەکانی سەر بە ئێران و بەهێزکردنی هەژموونی تاران لە ناوچەکەدا، لە کاتێکدا فەرماندەیەکی گرووپەکانی مقاوەمە بە ڕووداوی ڕاگەیاند کە ئەمە کۆتاییهاتنی «پەڕەیەکی ڕەش و شکستی داگیرکارییە».
لە لایەکی ترەوە، پێکهاتەی سوننە لە عێراق نیگەرانە لەوەی کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق هشتا توانای پێویستیان بۆ پاراستنی تەواوی سەروەریی وڵات نییە و ئەم بۆشاییە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوە و چالاکبوونەوەی پاشماوەکانی داعش لە ناوچەکانیان.
دیدگای چاودێرانی سیاسی
سەرەڕای مەترسیی بەهێزبوونی پێگەی ئێران و گرووپە چەکدارەکان لە کورتماوەدا، بەشێک لە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە کە ئەمریکا وا بە ئاسانی دەستبەرداری بەرژەوەندییەکانی نابێت؛ بەتایبەت کە واشنتن دەیان گرێبەستی نەوت و وزەی لەگەڵ عێراق هەیە و لە ڕێگەی هاوبەشە حکومییەکانەوە چاودێریی جێبەجێکردنی سزاکانی سەر ئێران دەکات. بە رای ئەم چاودێرانە، سەرەڕای کۆتاییهاتنی بوونی سەربازی، ئەمریکا ڕێگە نادات ئێران ئەم دەرفەتە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتیی وڵاتەکە بەکار بهێنێت.