گوتەبێژی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) ڕایگەیاند، ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان و کوشتنی دەستبەسەرکراوەکانەوە هەوڵ دەدات تەمەنی دەسەڵاتەکەی درێژ بکاتەوە.
ڕێوار ئاودانان، گوتەبێژی پژاک، لە میانەی لێدوانێکدا جەختی لەوە کردەوە که ڕێژیمی ئێران هەرگیز بۆ حکومەتێکی دیموکراتیک ناگۆڕێت و گوتی، تاوەکو ئەو کاتەی ئەم دەسەڵاتە بمێنێتەوە، تەنها ژمارەی زیندانییان، ئەشکەنجەکراوان، لەسێدارەدراوان و ئەو کەسانەی لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، زیاتر دەبێت.
گوتەبێژی پژاک ئاماژەی بەوەش کرد، ڕێژیمی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکانی لە هەموو کاتێک لاوازترە، بەڵام لە ناوخۆی وڵاتدا لە ڕێگەی سەرکوت و لەسێدارەدانی تێکۆشەرانی شۆڕش و دەستبەسەرکراوانەوە، هەوڵ دەدات ڕێگری لە سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و گەورەترین کابوسی خۆی بگرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئاودانان باسی لە گەمارۆ قورسەکانی ئابووری، دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانی، سنوردارکردنی هاتووچۆی دەریایی و ئاسمانی و قەیرانی سیاسیی ئێران کرد، و ئەمانەی بە نیشانەیەک بۆ مانەوەی ئێران وەک مەیدانی شەڕی هێڵی پێشەوە وەسف کرد.
هەروەها گوتەبێژی پژاک پێشبینی کرد، کە ئەگەر هەیە لە دەوروبەری یان دوای هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا، جەنگێکی تەواو دژی ئێران دەستپێبکاتەوە، و ئەمجارەیان ئەمریکا بە تەنیا نابێت و هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتیی فراوانتر لە دژی ڕێژیمەکە پێکدەهات.