ڕاستەوخۆ

ژیانی ڕوسەکان بەرامبەر خاکی ئۆکرانییەکان

reset font size increase font size

 

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکدا هەڵسەنگاندنێکی کردووە بۆ ژمارەی ئەو سەربازانەی ڕوسیا لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا لەدەستی داون، کاتێک لە شوباتی 2022دا دەستیکرد بە هێرشە گشتگیرەکەی بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا.

ڕاپۆرتەکە نوسیویەتی لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا ڕوسیا تەنیا 1/5ی خاکی ئۆکرانیای داگیرکردووە و دوای داگیرکردنی ناوچەیەکی فراوانی باکور و ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا لە مانگەکانی سەرەتای جەنگەکەدا؛ بۆ کردنەوەی ڕێڕەوێکی وشکانی بۆ ناوچەی کریمیا کە مۆسکۆ ساڵی 2014 بە نایاسایی بەخۆیەوە لکاند؛ پێشڕەوییەکانی لە هێڵی پێشەوەی جەنگدا بێڕادە خاوبوونەتەوە. شیکەرەوەکان دەڵێن لە سەرەتای 2023وە تەنیا %1.3ی خاکی ئۆکرانیای گرتووە.

لەبەرامبەردا قوربانیی گیانیی ڕوسەکان لەبەرامبەر ئەو پێشڕەوییە کەمەدا لەزیادبووندایە. ناوەڕاستی مانگی شوبات، مارک ڕوتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە کۆنفراسی ئاسایشی میونشندا گوتی: "ڕوسیا بەدەست قوربانیدانێکی شێتانەوە دەناڵێنێت، کە تەنیا لە ئەم دوو مانگەدا گەیشتووەتە نزیکەی 65 هەزار سەربازی کوژراو و بریندار".

بەپێی ئەو هەڵسەنگاندنانەی سەنتەری ستراتیجی و توێژینەوەی نێودەوڵەتی لە کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا بڵاویکردونەتەوە، هێزەکانی ڕوسیا مانگانە زیاتر لە 26 هەزار قوربانییان داوە لە کوژراو و بریندار و دیارنەماو، کە دەکاتە ملیۆنێک و 200 هەزار قوربانیی لە 2022وەوە.

بەڵام دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کریملن، گومانی خستەسەر ئەو ئامارانە و گوتی: "پێموایە نابێت و ناکرێت ئەو ڕاپۆرتانە بە زانیاریی پشتپێبەستراو دابنرێن، ئەوە وەزارەتی بەرگرییە کە ڕێپێدراوە زانیاریی دەربارەی هەموو لەدەستدانێک لە چالاکییە جەنگییەکاندا بڵاوبکاتەوە".

نە مۆسکۆ و نە کیێڤ ژمارەیەکی فەرمیی قوربانیانیان بڵاو نەکردووەتەوە. ئاژانسی ڕۆیتەرزیش لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، نەیتوانیوە ڕاستیی هەڵسەنگاندنەکانی سەنتەری ستراتیجی و توێژینەوەی نێودەوڵەتی یەکلایی بکاتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە شارەزایانی جەنگیی هۆشداریی لە ئەوە دەدەن، کە هێرشبەران قوربانیی زیاتر دەدەن وەک لە بەرگریکاران و جەختکردنەوەی ڕوسیاش بۆ ناردنی شەپۆلی بچوکی هێزی پیادەی هێرشبەر بۆ سەر هێڵەکانی بەرگریی ئۆکرانیا، تەکتیکێکی گرانبەهایە بۆ ژمارەی قوربانیان.

لە کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، ڤۆلۆدیمێر زێلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، ئامانجیەتی کوشندەیی هێزەکانی ئۆکرانیا بەرزبکاتەوە. گوتیشی 50 هەزار قوربانیی ڕوسیی لە مانگێکدا دەبێتە "ئاستی نمونەیی" بۆ ئەوەی دڵنیابین لە ئەوەی مۆسکۆ ناتوانێت بە بەسەربازگرتنی نوێ جێیان بگرێتەوە.

خودی ئۆکرانیاش بەدەست کەمیی بەسەربازگیراوەوە دەناڵێنێت بۆ جێگرتنەوەی قوربانییەکانی لە شەڕە خوێناوییەکانی ڕۆژهەڵاتیدا. فەرماندە و سەربازەکانی گازندەی ئەوەیانە، کە کەمیی سەرباز هۆکاری سەرەکیی پاشەکشێکانیانە لە بەرەکانی شەڕدا.

سەنتەری ستراتیجی و توێژینەوەی نێودەوڵەتی لە هەڵسەنگاندنەکەیدا ئاشکرایکردووە، بۆ لەبەرامبەر هەموو ئۆکرانییەکی کوژراودا لە جەنگەکەدا، 2 بۆ 2.5 ڕوسی کوژراون.

هەر بەپێی ئەو هەڵسەنگاندنە، لە ئێستادا ژمارەی کوژراوانی ڕوسیا لە ئۆکرانیا پێنج هێندەی سەرجەمی کوژراوانی هەموو ئەو جەنگانەیە، کە یەکێتی سۆڤیەت و مۆسکۆلە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە کردویانە.

کوژراوانی مۆسکۆ زیاتر لە 17 هێندەی کوژراوانی یەکێتی سۆڤیەتن لە جەنگی ئەفگانستانی 1980کاندا و 11 هێندەی کوژراوانی ڕوسیایە لە هەردوو جەنگەکەی چیچاندا لە 1990ەکان و 2000ەکاندا.

 

وێڕای هەوڵە بەردەوامەکانی ئیدارەی نوێی ئەمریکا بۆ نێوەنگیری لەنێوان ڕوسیا و ئۆکرانیادا، بەڵام هێشتا هیچ ئاسۆییەکی ڕوون بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە خوێناوییە دیار نییە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.