سەرۆکی ئەمریکا درێژترین وتاری یەکگرتنیدا لە کۆنگرێس، کە کاتژمێرێک و 47 خولەکی خایاند. لە وتارەکەیدا پیاهەڵدانێکی بێوێنەی بە ئیدارەکەیدا کرد و وتی: "وڵاتەکەمان دووبارە کەوتووەتەوە بردنەوە".
توانای ژیانکردن و ئابوریی دیارترینی ئەو بابەتانە بوون کە بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەریان ڕۆیشت، هاوکات باسی کۆچی نایاسایی و کۆتایهێنانی بە چەند جەنگێکیش کرد.
ئاژانسی هەواڵی BBC لە ڕاپۆرتێکدا، پێداچونەوەیەکی کردووە بە ئەو زانیارییانەدا کە ترەمپ باسیکردن، بۆ زانینیی ڕاستییان.
ترەمپ: "سیاسەتەکەیان نرخی بەرزکردەوە، سیاسەتەکەمان بەخێرایی کۆتایی پێدەهێنێت".
لە ئەمریکادا نرخەکان هێشتا لە بەرزبوونەوەدان، بەڵام لە سەرەتای پارەوە کە ترەمپ بووەتە سەرۆک، ڕێژەی هەڵئاوسان هێواشتر بووەتەوە. لەماوەی 12 مانگدا دابەزیوە بۆ %2.4 لەکاتێکدا لەسەردەمی جۆ بایدن %3 بوو.
ترەمپ باسی دابەزینی نرخی خواردەمەنییەکانی کرد و وتی گۆشتی گا (کەزۆرترین بەکارهێنانی هەیە لە ئەمریکادا و بە خواردنێکی سەرەکی دادەنرێت)، نرخەکەی زۆر بەرز بوو، بەڵام ئێستا بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
ڕاستییەکە ئەوەیە، بەڕێژەی %15 نرخەکەی بەرز بووەتەوە.
بەتێکڕا نرخی خواردەمەنییە سەرەکییەکان لە ئەمریکادا، لەماوەی کانونی دووەمی 2025 بۆ هەمان مانگی 2026، بەڕێژەی %2.1 بەرز بوونەتەوە.
ترەمپ: " لە زۆرینەی ویلایەتەکان، گاڵۆنێک بەنزین لەخوار دوو دۆلار و 30 سەنتەوەیە و لە هەندێکیان بە دۆلارێک و 99 سەنتە".
بەپێی ماڵپەڕی AAA ئەمریکی تایبەت بە نرخی سوتەمەنی لە وڵاتەکەدا، تاوەکو 24ی شوبات، تێکڕای نرخی گاڵۆنێک بەنزین (4.55 لیتر) لە ئەمریکادا دوو دۆلار و 95 سەنت بووە. تاکە ویلایەتێک نزیک بووبێت لە ئەو نرخەی ترەمپ وتی، ئۆکلاهۆما بووە بە دوو دۆلار و 37 سەنت.
لەکاتی وتاردانەکەی ترەمپدا، وێبسایتی (GassBuddy) بڵاویکردەوە کە لە کۆی نزیکەی 150 هەزار بەنزینخانە کە لە ئەمریکادا هەیە، تەنیا لە چوار دانەیان نرخی گاڵۆنێک لە خوار دوو دۆلارەوەیە.
ترەمپ: "لەئێستادا زۆرترین ئەمریکی کاریان هەیە بەراورد بە هەر کاتێکی مێژوی وڵات".
ئەگەر بە ژمارە ئەژمار بکرێت ئەوا بانگەشەکەی ڕاستە، بەڵام لەکاردا بوون و بێکاری بەڕێژە ئەژمار دەکرێت.
بەپێی نوسینگەی ئاماری کاری ئەمریکی، تا کانونی دووەمی 2026، زیاتر لە 158 ملیۆن هاوڵاتی کاریان هەبووە، کە ژمارەیەکی پێوانەییە، بەڵام هاوکات ژمارەی دانیشتوانیش گەیشتووەتە ژمارەیەکی پێوانەیی و زیاترن لە 342 ملیۆن کەس.
لە کانونی دووەمی ئەمساڵدا ڕێژەی ئەوانەی تەمەنیان لەسەرو 16 ساڵەوەیە و کاریان هەیە لە ئەمریکادا %59.8 بوو، لە کاتێکدا لە هەمان مانگی 2025 کە بایدن ئۆفیسی سەرۆکایەتی بەجێهێشت %60.1 بوو، واتە کەمیکردووە نەک زیاد.
ترەمپ: " لە 12 مانگدا پابەندبوونی 18 ترلیۆن دۆلارم مسۆگەر کردووە، کە لە هەموو لایەکی جیهانەوە بڕژێتە وڵاتەوە".
هیچ بەڵگەیەکی ئاشکرا نییە بۆ سەلماندنی ژمارەیەکی ئاوها گەورە.
لەکاتی گەڕانەوەی ترەمپەوە، وێبسایتی کۆشکی سپی بەردەوام وەبەرهێنای دەرەکی لە ئەمریکادا ڕادەگەیەنێت، دوایەمین کۆی پارەی وەبەرهێنراو کە خستویەتییە ڕو بریتییە لە 9.7 ترلیۆن دۆلار، کە زۆر کەمترە لە ئەوەی ترەمپ وتی.
ئەمە لەکاتێکدایە پڕۆفیسۆر گرێک ئەوکلێر، پسپۆڕی ئامار لە پەیمانگای پیترسۆن بۆ ئابوریی جیهانی ڕایگەیاند، ڕاستە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا وەبەرهێنان لە ئەمریکادا زیاتر بووە، بەڵام هۆشداریدا لە ئەوەی وێبسایتەکەی کۆشکی سپی هەندێک بەڵێن لەخۆ دەگرێت کە لەوانەیە جێبەجێ نەکرێن، وەکو ڕێککەوتنەکەی یەکێتی ئەوروپا کە بەهۆی گومرگەکانی ترەمپەوە ڕاگیراوە.
واتە بڕی وەبەرهێنانە ڕاستەقینەکان، لە ژمارەکەی وێبسایتی کۆشکی سپیش کەمترە.
ترەمپ: "ساختەکردن لە هەڵبژاردنەکانماندا زۆر بەربڵاوە".
ترەمپ بەردەوام ئەم تۆمەتە دەخاتە پاڵ شێوازی بەڕێوەچونی هەڵبژاردن لە ئەمریکادا و داوای لە یاسادانەران کرد یاسایەک دەربکەن تاوەکو ڕێکاری توندتر بگیرێتە بەر لە سەلماندنی ناسنامەی دەنگدەرەکاندا، بۆئەوەی ڕێگریی لە دەنگدانی نایاسایی بێگانەکان بکرێت.
ئەگەر چی بە دەگمەن ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا دەکرێت، بەڵام بەهیچ جۆرێک بەربڵاو نییە.
لە داتابەیسێکدا کە لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی موحافزکاری (ز هێریتج فاوندەیشن The Heritage Foundation)ەوە تۆمارکراوە، لە ساڵی 1982وەوە لە سەرتاسەری ئەمریکادا، تەنیا 1620 حاڵەتی ساختەکاری لە دەنگداندا تۆمارکراوە.
هەمان شت بۆ دەنگدانی پەناهەندەکانیش ڕاستە. سەنتەری برێنان بۆ دادپەروەریی The Brennan Center for Justice کە ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی لیبراڵییە، لێکۆڵینەوەی لە دەنگدانی 12 ویلایەتکرد لە هەڵبژاردنەکانی 2016 و بۆی دەرکەوت، لە کۆی 23.5 ملیۆن دەنگی دراو، تەنیا 30 دەنگ گومانی ئەوەیان لێکراوە هاوڵاتی نەبن و نێردرابێت بۆ لێکۆڵینەوە.
ترەمپ: "لە 10 مانگی یەکەممدا، کۆتاییم بە هەشت جەنگ هێنا".
کۆشکی سپی لیستی جەنگەکانی بە ئەوانەی نێوان: ئیسرائیل و حەماس، پاکستان و هیندستان، ڕواندا و کۆماری دیموکراسیی کۆنگۆ، تایلاند و کەمبۆدیا، ئەرمینیا و ئازەربایجان، میسر و ئەسیوبیا، وە سربیا و کۆسۆڤۆ داناوە.
ئەگەر چی ترەمپ ڕۆڵی هەبوو لە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا، بەڵام ئەوە تەنیا ئاگربەستێکە و کۆتایی جەنگەکە نییە. بۆ کۆتایی هاتنی جەنگ دەبێت حەماس چەک دابنێت و حکومەتێکی نوێ لە غەزە پێکبهێندرێت. لەگەڵ چارەسەری کۆمەڵێک کێشەی دیکە، لەوانە بابەتی دوو دەوڵەت و گەڕانەوەی ئاوارە فەلەستینییەکان و کێشەی ئۆردوگا ئیسرائیلییەکان و چەندینیتر.
کێشەی پاکستان و هیندستان چەندین ساڵە لەسەر هەرێمی کشمیر بەردەوامە، بەڵام لە ئایاری ساڵی ڕابردوودا شەڕ دەستیپێکرد. دوای چوار ڕۆژ لە دەستپێکی شەڕەکە ترەمپ لە پۆستێکدا ڕایگەیاند کە هەردوو وڵات قایل بوون بە ئاگربەستێکی هەنوکەیی و وتی: "ئەمە دەرئەنجامی شەوێکی درێژ لە گفتوگۆ و نێوەندگیری ویلایەتی یەکگرتووەکان بووە".
پاکستان سوپاسی ترەمپی کرد کە دەستوەردانێکی دیبلۆماسیانەی یەکلاکەرەوەی کردووە، بەڵام وەزیری دەرەوەی هیندستان وتی: " گفتوگۆکان دەربارەی ڕاوەستاندنی چالاکییە سەربازییەکان ڕاستەوخۆ لەنێوان هیندستان و پاکستاندا لەڕێی چەند کەناڵێکەوە لەنێوان هەردوو سوپادا کراوە".
واتە ترەمپ هیچ ڕۆڵێکی نەبووە.
دوژمنکاریی نێوان کۆنگۆ و ڕواندا دەمێکە بەردەوامە، بەڵام کاتێک لەسەرەتای 2025دا گروپی M23 کە ئەمریکا و بەریتانیا دەڵێن سەر بە ڕواندایە، دەستیان بەسەر ناوچەیەکی پڕ کانزای ڕۆژهەڵاتی کۆنگۆدا گرت، شەڕ دەستیپێکرد.
حوزەیرانی 2025 هەردوو لا ڕێککەوتننامەیەکی ئاشتیان لە واشنگتۆن واژۆ کرد، ترەمپ وتی ئەوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ زیاترکردنی بازرگانی لەنێوان خۆیان و لەگەڵ ئەمریکاشدا.
بەڵام هەر لە ئەو کاتەوە هەردوو لا کەوتنە تۆمەتبارکردنی یەکتری بە شکاندنی ئاگربەستەکە و گروپی M23ش هەڕەشەی کشانەوەی کرد لە ڕێککەوتنەکە.
حوزەیرانی 2025 گروپەکە 140 کەسیان لە ڕۆژهەڵاتی کۆنگۆ کوشت کە ژن و منداڵیشیان تێدا بوو. تائێستاش پەلاماردانی یەکتر و شەڕی ناوەناوەیان بەردەوامە.
دوای ئەوەی سەرۆکی کەمبۆدیا داوای وەستانی شەڕی کرد، ترەمپ لە پۆستێکدا داوای لە سەرۆکوەزیرانی تایلاند کرد هەمان شت بکات و کۆتایی بە جەنگ بهێنێت.
دوای دوو ڕۆژ لە پۆستەکەی ترەمپ، کە هێشتا جەنگەکە نەگەیشتبووە هەفتەیەک، هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەستێکی هەنوکەیی و بێمەرج.
گفتۆکان لە مالیزیا بەڕێوەچون بەڵام ترەمپ هەڕەشەی ئەوەی کرد ئەگەر تایلاند و کەمبۆدیا شەڕ ڕانەگرن، ئەو گفتوگۆیانە هەڵدەوەشێنێتەوە کە لەگەڵ هەریەکێکیاندا بە جیا دەیکات دەربارەی گۆمرگ خستنە سەر کاڵاکانیان.
ئابوریی هەردوو وڵاتەکەش زۆر پشت بە هەناردەکانیان دەبەستێت بۆ ئەمریکا.
ئەوەبوو لە حەوتی ئابدا گەیشتنە ڕێککەوتن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی سنورە هاوبەشەکەیان.
ئەوەی ترەمپ ڕۆڵی ڕاستەقینەی تێدا گێڕا بریتی بوو لە کۆتاییهێنان بە ناکۆکی 40 ساڵەی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخ، کاتێک لە 8ی ئابی 2025دا ڕێککەوتننامەیەکی ئاشتییان لە کۆشکی سپی واژۆ کرد و سەرۆکی هەردوو وڵاتەکەش وتیان دەبێت ترەمپ نۆبڵی ئاشتی پێبدرێت.
سەمەرەیی میسر و ئەسیوبیا لە ئەوەدایە جەنگ نەبووە تاوەکو ترەمپ کۆتایی پێبهێنێت! تەنیا کێشەی بەنداوی مەزنی ڕێنساس هەیە کە ئەسیوبیا لەسەر ڕوباری نیل دروستی دەکات و میسر دەترسێت بەشە ئاوەکەی لە ڕوبارەکە کەم ببێتەوە. بگرە لێرەدا ترەمپ هانی میسری دەدا کاتێک وتی: "ئەگەر من میسربم ئاوی نیلم دەوێت".
بەهەمان شێوە، سربیا و کۆسۆڤۆ لە جەنگدا نەبوون. ئەگەر چی ناکۆکییەکانیان لە شەڕی بەڵکانی 1990ەوەکانەوە بەردەوامە، بەڵام تەنیا ناکۆکییان هەیە و لە ئەو کاتەوە تاکە فیشەکێکیان بەرامبەر یەک نەتەقاندووە. تەنیا ئەوەندە هەیە ساڵی 2020 لە نوسینگەی هێلکەیی (ئەو ژورەی سەرۆکی ئەمریکای لێ دادەنیشێت لە کۆشکی سپی) هەردوو لا ڕێککەوتننامەیەکی (ئاساییکردنەوەی ئابوری)یان واژۆ کرد.