جێگری وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستی کردەوە کە ڕێکخراوی یونیسێف ڕێکاری بەرامبەر فەرمانبەرێکی باڵای خۆی گرتووەتە بەر، بەهۆی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل لەناو دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.
فەرحان حەق، جێگری وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە ڕێکخراوی یونیسێف لە تۆمەتە مەترسیدارەکانی سەر ئەم فەرمانبەرە ئاگادارە و ڕێکاری گونجاوی لەدژ گرتووەتە بەر.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر ئەم تۆمەتانە ڕاست بن، ئەوا پێچەوانەی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بنەماکانی بێلایەنیی خزمەتگوزاری نێودەوڵەتییە.
تۆمەتبارەکە ناوی (یاهاف لەیشنەر)ە و بەرپرسی مەکتەبی یونیسێف بووە لە واشنتۆن، کە لە ئێستادا خراوەتە مۆڵەتی کارگێڕییەوە (لەسەر کار هەڵپەسێردراوە).
ئەم تۆمەتانە دوای لێکۆڵینەوەیەکی ماڵپەڕی هەواڵیی "دڕۆپ سایت" دێن، کە پشتی بە ئیمەیڵە دزەپێکراوەکانی گرووپی هاککەرانی "هاندەلا" بەستووە.
بەپێی بەڵگەکان، لەیشنەر لە ساڵانی 2014 و 2015دا، کاتێک لە سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان (UNFPA) کاری کردووە، زانیاریی نهێنیی نەتەوە یەکگرتووەکانی بەستووەتەوە بە بەرپرسانی ئیسرائیلەوە.