ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت (G7) لەسەر دەستپێکردنی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی موشەکی دوورهاوێژ لە ناوخۆی خاکی ئۆکرانیادا ڕێککەوتن؛
ئەمەش وەک وەرچەرخانێکی ستراتیژی لە پیشەسازیی سەربازیی ئەو وڵاتەدا دادەنرێت.
ڕۆژنامەی "لێ پێریژیەن"ی فەڕەنسی بڵاویکردەوە، ئەمریکا و وڵاتانی G7 گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی "سەرسوڕهێنەر" کە ڕێگە بە کیێڤ دەدات بە فەرمی و بە مۆڵەتی نێودەوڵەتی، دەست بە بەرهەمهێنانی چەک و تەقەمەنییە پێشکەوتووەکانی ڕۆژاوا لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا بکات.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە، ئەم هەنگاوە بۆ کیێڤ تەنیا بە واتای وەرگرتنی هاوکاریی سەربازیی نوێ نییە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە بەرەو دامەزراندنی پیشەسازییەکی سەربازیی گەورەی ناوخۆیی کە بە تەواوی پشت بە تەکنەلۆژیا و کارامەییی ڕۆژاوایی دەبەستێت.
هاوکات، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ڕایگەیاند، هاوبەشەکانی کۆمەڵەی حەوت بڕیاریانداوە هاوکارییە سەربازی و داراییەکانیان بۆ ئۆکرانیا زیاتر بکەن و لە هەمان کاتدا گوشارە ئابووری و سیاسییەکانی سەر مۆسکۆش توندتر بکەن.
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا جەختی لەوەش کردەوە، دوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەر دەسەڵات لە ئەمریکا، وڵاتانی ڕۆژاوا بۆ یەکەمجار سەرکەوتوو بوون لەوەی کە لەسەر دۆسیە سەرەکی و هەستیارەکانی پێوەست بە ئاسایشی نێودەوڵەتی، بگەنە هەڵوێستێکی هاوبەش، یەکگرتوو و پتەو.