ڕاستەوخۆ

هەولێر و بەغدا ڕێککەوتنی کۆتاییان لەسەر سیستەمی ئەسیکۆدا واژۆکرد

reset font size increase font size

هەولێر و بەغدا ڕێککەوتنی کۆتاییان بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی گومرگیی "ئەسیکۆدا" و یەکخستنی ڕۆژمێری کشتوکاڵی واژۆ کرد.

وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەنگاوەکە ڕۆڵی گرنگی لە بەبازاڕکردن و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆییدا دەبێت.


ڕۆژی پێنجشەممە (18ـی حوزەیرانی 2026)، بەگوێرەی ڕاگەیێندراوێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، لەسەر داوای سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ڕێککەوتنی کۆتایی لەنێوان وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان واژۆ کرا.


ڕێککەوتنەکە دوای سەردانی شاندێکی لیژنەی باڵای تەکنیکیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دێت. لە کۆبوونەوەکاندا، ڕزگار حەمەد خدر، ڕاوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ بە نوێنەرایەتیی وەزارەتەکەی لەگەڵ بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کەرتی کشتوکاڵ کۆبووەتەوە.


ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە و ڕێککەوتنەکە، وەک لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، خستنەبواری جێبەجێکردنی سیستەمی "ئەسیکۆدا" و بەدواداچوون بووە بۆ بڕیارەکانی پێشووی نێوان هەولێر و بەغدا کە لە 28ـی نیسانی ئەمساڵدا درابوون.


لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکەدا، هەردوو حکومەت میکانیزمەکانی کاراکردنی "ڕۆژمێری کشتوکاڵیی یەکگرتوو"یان تاوتوێ کردووە، ئەوەش بەمەبەستی ڕێکخستن و پەرەپێدانی پرۆسەی هاوردە و هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لەسەر بنەمای هاوکاریی هاوبەش.


وەزارەتی کشتوکاڵ جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە واژۆکردنی ئەم ڕێککەوتنە، هەردوو لا گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا، کە دەبێتە چەترێک بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی جووتیاران و ئاسانکارییەکی گەورە لە بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانیان لە سەرتاسەری عێراقدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.