ڕاپۆرتی/ کوردستان لەزگییەڤا
هەموو وڵاتێک قۆناغێکی بەرخۆدانی هەیە، کە گەلێک لە ڕاستیی خۆی بەئاگا دەهێنێتەوە. هەندێک سات دەبنە هەوێنی ئازادی و سەرچاوەی هێز بۆ هەموو ژیانی نەتەوەکە. بەتایبەت بۆ ئەو گەلانەی تووشی جینۆساید و زوڵم و ستەم بوون و نکوڵیان لێکراوە، ئەم ساتانە دەگۆڕدرێن بۆ باوەڕبوون بە ژیان و تێکۆشان بۆ ئازادیی.
مانگی ئازار مانگێکی پڕ لە هەم ئازار و هەم شادییە بۆ گەلی کورد. گەلی کورد بە ئاهەنگی 8ـی مارس دەستپێدەکات. دوای ئەوە بە یادی ئەو کۆمەڵکوژییەی لە شاری قامیشلۆ لە 12ی ئازاری ساڵی 2004 لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە کرا و لە ئەنجامدا شەهیدبوونی 52 کەسی لێکەوتەوە، دەچێتە نێو ماتەمینییەوە. دوای ئەم برینە کە هێشتا خوێنی لێ دەڕژێت، کۆمەڵکوژی هەڵەبجە یاد دەکرێتەوە. دوای هەر ماتەمینی و شیوەنێک، بێگومان ڕۆژانی خۆشی و ڕووناکیش هەیە و بە داگیرساندنی ئاگری نەورۆز، گەلی کورد هەم ڕووناک دەبێتەوە، هەم ئازار و ناخۆشی دەسوتێنێت و هەم خۆی نوێ دەکاتەوە.
هەروەها مانگی ئازار هەفتەی قارەمانەکانە، کە وەک ڕۆژێکی لەبیرنەکراو لە یادی گەلی کورددا جێگەی خۆی گرتووە.
کاتی شەهیدبوونی مەزڵوم دۆغان لە 21ی ئازارەوە تا شەهیدبوونی عەگید، فەرماندەی شۆڕشی چەکداریی تەڤگەری ئازادیی کوردستان، لە 28ـی ئازار، وەک هەفتەی قارەمانانە یاد دەکرێتەوە. شەهید عەگید بە تەقاندنی یەکەم فیشەک، تۆوی ئازادیی چاندەوە و بناغەی ژیانێکی نوێی بۆ گەلی کورد دانا و شۆڕشی ژیانەوەی دەستپێکرد.
قەڵەمبازی ڕزگارکردنی گەلان لە جینۆساید 28ـی ئازار و 15ـی ئاب بوو، ئەم قەڵەمبازە بە سەرکردایەتیی فەرماندەی ئەوکات عەگید دروستکراوە، بە یەکەم فیشەک لە دژی عەقڵییەتی ڕەگەزپەرستیی دەوڵەتی تورک لە 15ـی ئابی 1984، لە گۆڕینی لە تاریکییەوە بۆ ڕووناکی، گۆڕینی نائۆمێدی بۆ ئومێد، شەهید عەگید بوو بە تیشکێکی خۆر و هیوا بۆ گەلی کورد. بەدوایدا هەزاران عەگیدا لە خەو ڕابوون و میراتەکەیان لە باوەش گرت.
مەعسوم قورقماز، ناسراو بە عەگید، لەدایکبووی ساڵی 1956 بوو، یەکەمین فەرماندەی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان بوو، لە ساڵی 1979 تورکیای جێهێشت و چووە لوبنان، لە 15ی ئابی 1984 خەباتی چەکداری بە فەرمانداریی عەگید دەستیپێکرد و بە شۆڕشی ژیانەوە ناودەبرێت، ئەوە سەرەتای جوڵانەوەیەکی شۆڕشگێڕیی بوو لە باکوری کوردستان، دوای نزیکەی 40 ساڵ لە خامۆشی و بێدەنگیی و باڵادەستبوونی سیاسەتی توانەوەی کورد لەو پارچەیەی کوردستان، چونکە لە دوای لەسێدارەدانی شێخ سەعیدی پیران لە ساڵی 1925 و لەسێدارەدانی سەید ڕەزای دەرسیم لە ساڵی 1938، ئیتر هیچ جوڵانەوەیەک لەو پارچەیەی کوردستان دروست نەبوو.
15ـی ئابی 1984 بە ڕۆژی ژیانەوە ناودەبرێت و ناوی عەگیدیش وەک سیمبولی ئازایەتیی و شۆڕشگێڕی لە کوردستاندا زیندووە. فەرماندە عەگید لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و لە ڕۆژی 28ـی ئازاری 1986 شەهید بوو. بەڵام ڕەنج و تێکۆشانی گەیشتە ئەوەی کە ئێستا دان بە هەبوونی کورددا دەنرێت و گفتوگۆ لەبارەی جێگیرکردنی مافەکانی کورد لە دەستوور و یاسادا دەکرێت.

