هاوشان لەگەڵ بەڕێوەچوونی 36ەمین لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە، لێدوانە دیپلۆماسی و سیاسییەکانی سەرۆکانی بەشداربووی لووتکەکە گۆڕانکاریی لە هاوکێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا نیشان دەدەن، بەتایبەت لەبارەی دۆخی سووریا، پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ تورکیا و ڕووسیا و دۆخی لوبنان.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانەکانیدا لە لووتکەی ئەنقەرە ڕایگەیاند، هۆکاری ئامادەبوونی لەم لووتکەیەدا، بەهۆی ئەردۆغانەوە بوو. ترەمپ جەختی کردەوە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ تورکیا ئێستا لە هەموو کاتێک باشترە و ڕاشیگەیاند، هیچ نیگەرانییەکی نییە لەوەی تورکیا فڕۆکەی جەنگیی F-35 بەدەستبهێنێت.
سەبارەت بە هاوپەیمانانی ناتۆ، ترەمپ ڕەخنەی توندی گرت و گوتی: "کاتێک ئێمە چووینە ناو شەڕی ئێرانەوە، ناتۆ بێ هیوای کردم، من تەنیا تاقیکردنەوەی هاوپەیمانەکانم دەکرد". ترەمپ لەبارەی وزە و جوگرافیای سیاسییشەوە گوتی: "ئەمریکا پێویستی بە گەرووی هورمز نییە، بەڵام پێویستە دەست بەسەر گرینلانددا بگرێت".
لە لایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، گفتوگۆی زۆر باشی لەگەڵ ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆکی ڕووسیا ئەنجامداوە و ئاماژەی بەوە کرد، ئۆکرانیا و ڕووسیا هەردوولایان ئارەزوو دەکەن بگەنە ڕێککەوتن و چارەسەر.
پرسی سووریا یەکێک بوو لە تەوەرە سەرەکییەکانی لێدوانی سەرۆکەکان. ترەمپ ستایشی سەرکردایەتیی نوێی سووریای کرد و گوتی: "ئەحمەد شەرع کارێکی ناوازەی لە سووریا کردووە و بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش سووریای یەکخستووە، پەیوەندییەکی باشیش لە نێوانماندا هەیە".
هاوکات ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە دیمەشقەوە ڕایگەیاند: "گەلی سووریا نیشانی جیهانی دا یەکگرتووە و تێکناشکێت و متمانەی وڵاتەکەی بە گەلی سووریا نوێ کردەوە". ماکرۆن جەختی کردەوە سەقامگیریی سووریا لە بەرژەوەندیی فەرەنسادایە و وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ هاوکاریی ئەمنی لەگەڵ دیمەشق، لە هەمان کاتدا پابەندە بە هاوپەیمانیی دژ بە داعش.
ئەحمەد شەرعیش ڕایگەیاند، لەگەڵ فەرەنسا گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ ئاڵوگۆڕی باڵیۆز و گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکان بۆ دۆخی ئاسایی خۆیان، ئەمەش لەلایەن ماکرۆنەوە پشتڕاستکرایەوە. هەروەها سەرۆکی کاتی سوریا ئاشکرای کرد، ڕاگەیاندنی نیازپاکییان لەگەڵ فەرەنسا واژۆ کردووە بەمەبەستی گەڕاندنەوەی سەرمایە و داراییە دزراوەکانی سووریا لە فەرەنسا.
سەبارەت بە دۆخی لوبنان، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ڕاگەیاند، کە پێویستە حزبوڵڵای لوبنانی چەکەکانی ڕادەست بکات، لە بەرامبەریشدا دەبێت ئیسرائیل بە تەواوی لە ناوچەکانی لوبنان بکشێتەوە، ئەمەش وەک دڵنیایی لە سەقامگیریی ناوچەکە.