لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و کشانەوەیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، پێشوازی لەم هەنگاوە کرد و سوپاسی هاوپەیمانیی دژ بە داعشی کرد، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەمە کۆتایی پەیوەندییەکان نییە، بەڵکو گواستنەوەیە بۆ قۆناغێکی نوێ.
مەسرور بارزانی لە وتارێکدا لە کاتی کردنەوەی سەنتەرێکی ئۆتۆمۆبیل لە هەولێر ڕایگەیاند: "لەسەر ناوی هەرێمی کوردستان، سوپاسی سەرجەم هێزەکانی هاوپەیمانان، ویلایەتە یەکگرتووەکان، وڵاتانی ئەورووپا و هەموو ئەو هاوبەشانە دەکەم کە یارمەتیداین لە ڕووبەڕووبوونەوە و تێکشکاندنی داعش و پەرەپێدانی تواناکانی پێشمەرگە".
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە لە ساڵی ٢٠١٤ لەسەر بانگهێشتی بەغدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش هێنرابووە عێراق، لە ساڵی ٢٠١٧ـدا بە هاوکاریی هێزە عێراقی و کوردییەکان سەرکەوتنی سەربازیی بەسەر داعشدا ڕاگەیاند، هەرچەندە پاشماوەکانی ئەم گرووپە هێشتا لە هەندێک ناوچەدا هەڕەشەن و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بەردەوامن.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەش کرد کە پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمان دەچنە قۆناغێکی نوێوە و گوتی: «پەیوەندییەکان لە ڕێگەی کەرتی ئابووری، کولتووری، سیاسی، ئەمنی و سەربازییەوە بەردەوام دەبن. هەرێمی کوردستان وەک بەشێکی کارا و کاریگەر لە حوکومڕانیی عێراقدا دەتوانێت و یارمەتیدەر دەبێت لە پەرەپێدانی ئەم پەیوەندییانەدا».
هاوکات، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پینتاگۆن ( ڕۆژی چوارشەممە کۆتاییهاتنی فەرمی بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی «عەزمی سەربازی» لە عێراق ڕاگەیاند و جەختی کردەوە کە لە داهاتوودا هاوکاریی دوولایەنە، ڕاهێنانی ئامانجدار و پشتیوانیی هەواڵگری بەردەوام دەبن، و پاشەکشەی ڕێکوپێکی هێزەکان لە بنکەی ئاسمانیی هەولێر کۆتایی بە ئەرکە سەربازییە سەرەکییەکە هێنا.
لە کۆتایی وتارەکەیدا، مەسرور بارزانی هۆشداری دا کە هێشتا مەترسیی تیرۆر ماوە، بەڵام دڵنیایی دا کە هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە لە ئێستادا توانایان باشتر بووە و ئامادەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک لەسەر هەرێمی کوردستان و وڵات.