لە شەوی ڕابردووەوە، ژمارەیەک هێرشی درۆنیی و موشەکی کراونەتە سەر شار و ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و زۆربەیان لەلایەن سیستمی بەرگریی هاوپەیمانانەوە خراونەتە خوارەوە.
شەوی ڕابردوو، چەند هێرشێکی درۆنیی و موشەکی لە چەند کاتێکی جیاواز کرانە سەر هەولێر، سلێمانی، دهۆک، کۆیە و زاوێتە و خەلیفان، هێرشەکان لە کاتژمێر 9:45 خولەکەوە دەستیان پێکرد و زۆربەیان لەلایەن سیستمی بەرگریی هاوپەیمانان تێکشکێنران و هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانیان نەبوو.
بەگوێرەی زانیارییەکانی نوچە تیڤی، تەنها شەوی ڕابردوو لە ئاسمانی هەولێر 25 درۆن، لە ئاسمانی دهۆک هەشت درۆن، کۆیە دوو درۆن، خەلیفان شەش درۆن و لە سلێمانی سێ درۆن تێکشکێندراون.
هێرشە درۆنیی و موشەکییەکان بۆ سەر ئاسمانی هەرێمی کوردستان بەردەوامن، لە سەرەتای جەنگی ئێرانەوە تاوەکو ئێستا، نزیکەی 600 هێرشی درۆنیی و موشەکی کراونەتە سەر ئاسمانی هەرێمی کوردستان و زۆربەیان ئاراستەی ئاسمانی پارێزگای هەولێر کراون و زۆربەیان لەلایەن سیستمی بەرگریی هاوپەیمانانەوە تێکشکێنراون و بەهۆی هێرشەکانەوە زیانی گیانی و مادی هەبووە.
هاوکات، بەرەی مقاوەمەی ئیسلامیی لە عێراق و گرووپی سەرایا ئەولیا دەم لە ڕاگەیەنراوێکدا، بەرپرسیارێتیی خۆیان لە ئەنجامدانی 47 هێرشی درۆنی بۆ سەر هەرێمی کوردستان گرتە ئەستۆ.
