دەقی یاداشتی لێکتێگەیشتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ لە لایەن هەردوو سەرۆکی ئەمریکا و ئێرانەوە بە شێوازی ئەلیکترۆنی واژۆ کرا؛ پاکستانیش وەک ناوبژیوانی فەرمیی پڕۆسەکە واژۆ لەسەر ڕێککەوتنەکە دەکات.
مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە تاران و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی ڤێرسای فەڕەنسا ــ لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ لای ئیمانوێل ماکرۆن ــ دەقی یادداشتەکەیان بە شێوازی ئەلیکترۆنی و لە دوورەوە پەسەند کرد.
هاوکات بەهۆی ڕۆڵی سەرەکیی حکومەتی پاکستان وەک ناوبژیوانی ئەو پڕۆسە دیپلۆماسییە کە بە "ئاشتەوایی ئیسلام ئاباد" دەناسرێت، بڕیارە شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەش وەک شایەتحاڵ دەقی لێکتێگەیشتنەکە واژۆ بکات.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، گۆڕینی شێوازی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە بۆ شێوازی ئەلیکترۆنی دوای گفتوگۆ چڕەکانی 24 کاتژمێری ڕابردوو بووە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو بڕیارە ئەوە بووە کە واژۆکردنی ڕاستەوخۆی سەرۆکی هەردوو وڵات، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووی سیاسیی پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکە لە داهاتوودا.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ نۆ ساڵ پێش ئێستا و تەنیا دوو هەفتە دوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) ڕەخنەی توندی لە ئیدارەی ئۆباما گرتبوو کە بەهۆی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ناسراو بە "بەرجام" و پێدانی 150 ملیار دۆلار، ئێرانی لە داڕمان ڕزگار کردووە؛
بەڵام ئێستا خودی ترەمپ لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نوێدا، فەرمانی لادانی گەمارۆ دەریاییەکانی سەر تارانی واژۆ کرد.