شاندێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، بەمەبەستی ئەنجامدانی دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان بەرەو دوورگەی ئیمڕالی بەڕێکەوتن.
شاندەکەی دەم پارتی لە هەریەکە لە هاوسەرۆکانی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان، پەروین بوڵدان و میتهات سانجار، لەگەڵ فایەق ئۆزگور ئێرۆڵ، پارێزەری ئۆجالان پێکهاتووە.
ئەم سەردانەی شاندی دەم پارتی لەکاتێکدایە، کە دواجار لە 27ی ئازاری ڕابردوودا سەردانی دوورگەی ئیمڕالییان کردبوو و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان کۆببوونەوە.
چاوەڕوان دەکرێت دوای تەواوبوونی سەردانەکە و گەڕانەوەیان، شاندەکە لەسەر ناوەرۆکی دیدارەکە و پەیامەکانی عەبدوڵڵا ئۆجالان، ڕوونکردنەوە و ڕاگەیێندراوێک بۆ ڕای گشتی بڵاو بکاتەوە.