بەهۆی گرنگی و سوودی زۆری ڕۆنەکەی، ڕووبەری چاندنی "تۆوی خەرتەلە" (گوڵی کۆڵزا) لە زەوییەکانی شاری بۆکانی پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئەمساڵ گەیشتە 700 هێکتار.
مەستورە ڕەحیمی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی بۆکان، ڕایگەیاند، بۆ ئەمساڵ ڕووبەری زەوییە تەرخانکراوەکانی شارەکەیان بۆ چاندنی تۆوی خەرتەلە گەیاندووەتە 700 هێکتار، لە کاتێکدا ساڵی ڕابردوو 500 هێکتار بووە. ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و لەباریی کەشوهەواکەیەوە، زەوییەکانی بۆکان بۆ چاندنی ئەم بەرهەمە زۆر گونجاو و لەبارن و لە پلاندایە لە ساڵانی ئایندەدا پەری زیاتر بە بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە ڕووەکە بدرێت.
گوڵی کۆڵزا یان تۆوی خەرتەلە یەکێکە لە ڕووەکە ڕۆندارەکان، زیاتر لە ناوچە فێنکەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەچێنرێت و بەشێوەیەکی بەربڵاو خۆی لەگەڵ کەشوهەوای ناوچەکە دەگونجێنێت. ئەو ڕۆنەی کە لەم ڕووەکە بەرهەم دەهێنرێت، لەبەر نەبوونی کۆلێستڕۆڵی زیانبەخش تێیدا، لە ڕووی کوالیتیی خۆراکەوە لە ئاستێکی بەرزدایە و خواستێکی زۆری لەسەرە.