بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە دەباشان پێشوازی لە جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کرد و ڕایگەیاند، لە پشتیوانیکردنی ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوام دەبن.
لە کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئامادەی بوو، دۆخی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان تاوتوێ کرا. مەزڵوم عەبدی باسی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن کرد و دوایین گۆڕانکارییەکانی دۆخی سووریای خستەڕوو، هەروەها سوپاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد بۆ هەڵوێست و پشتیوانییەکانی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.
بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند: "لە پشتیوانیکردنی ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوام دەبین تاوەکو دڵنیا دەبینەوە سووریا دەبێتە وڵاتێک کە هەمووان ماف و نوێنەرایەتیی خۆیان تێیدا دەبێت و حکومەتەکەشی دەرخەری هەمەچەشنیی کۆمەڵگەی سووریا بێت."