لە دوای هۆشدارییەکی فەرمیی سعودیە بۆ چۆڵکردنی پێگەکانی نەوت، هێزە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە هێرشیان کردە سەر وێستگەی نەوتی سەباحیە لە ڕۆژئاوای سەنعا، لە بەرامبەریشدا حوسییەکانی یەمەن هۆشداریی توند دەدەنە کارمەند و کۆمپانیا نەوتییەکان و فڕۆکەخانەکانی سعودیە.
تورکی مالیکی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعودیە، لە تۆڕی ئێکس داوای لە هاوڵاتییانی سڤیل کرد کە بۆ سەلامەتیی گیانیان پێگەکانی نەوتی یەمەن چۆڵ بکەن، و نەخشەیەکی بڵاو کردەوە، کە تێیدا ئەو ناوچانەی بە ڕەنگی سوور دەستنیشان کردبوو کە بەنیازن بە ئامانجی بگرن، و چەند کاتژمێرێک دواتر سعودیە هێرشی بۆ سەر وێستگەی نەوتی سەباحیە لە ڕۆژئاوای سەنعا دەست پێ کرد.
لە بەرامبەر ئەم هەنگاوەدا، حوسییەکانی یەمەن هۆشدارییەکی توندیان دا و داوایان لە شارەزایان، ئەندازیاران و کرێکارانی سەرجەم دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە کرد کە بە مەبەستی سەلامەتییان بەپەلە ئەو ناوچانە بەجێ بهێڵن، چونکە وەک ئامانجی شەرعی سەیریان دەکەن. هەروەها هۆشدارییان بە هێڵە ئاسمانییەکان، فڕۆکەخانەکان، سەرنشینەکان و کارمەندان دا کە فڕۆکەخانە و شوێنی کارەکانیان بەجێ بهێڵن، و جەختیان لەوە کردەوە کە بەردەوام دەبن لە بەئامانجگرتنیان.