پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) سەرکۆنەی چوونە ناوەوەی هێزەکانی پۆلیس بۆ ناو بارەگای سەرەکیی پارتی کۆماریی گەل (جەهەپە) دەکات و ڕایدەگەیێنێت، پێداگری لەسەر ئەم ڕێبازە سەرکوتکارییانە بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە.
دەم پارتی لە ڕاگەیێندراوێکدا دژایەتیی خۆی بۆ دەستێوەردانی پۆلیس بە فەرمانی پارێزگاری بۆ سەر بارەگای جەهەپە و دەرکردنی بەرپرسانی پارتەکە، پەرلەمانتاران و هاوڵاتییان دەربڕی ڕایگەیاند: "لەکاتێکدا تورکیا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە بەهێزکردنی پرەنسیپە یاساییە دیموکراتییەکان، بەرفراوانکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و هێنانەکایەی کەشێکی کراوە بۆ سیاسەتی دیموکراتی هەیە، پێداگری لەسەر ئەم جۆرە ڕێبازە سەرکوتکارییانە جێگەی قبووڵکردن نییە".
لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە: "وەکو دەم پارتی، چۆن لە ڕابردوودا دژی هەر جۆرە دەستێوەردانێک بووین لە سیاسەتی دیموکراتیدا، ئەمڕۆش بە هەمان شێوە لە دژی دەوەستینەوە".
دەم پارتی داوا لە دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکات کۆتایی بەو هەڵسوکەوتانە بهێنن کە دەبنە هۆی زیادبوونی گرژییەکان، و هانیان دەدات کە "بەرپرسانە و هاوتەریب لەگەڵ پرەنسیپە یاساییە دیموکراتییەکان بجوڵێنەوە و بنەمای کارەکانیان بکەنە پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی".
لە کۆتایی ڕاگەیێندراوەکەیدا، دەم پارتی داوا لە بەرپرسانی جەهەپە و لایەنگرانی ئەو پارتە دەکات، کە کێشە و ئاڵۆزییەکانی ئێستا لە ڕێگەی "دیالۆگێکی عاقڵانە و سازانەوە" چارەسەر بکەن.