دوای کۆبوونەوەی شاندی باڵای دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مەکتەبی سیاسی و فراکسیۆنی پارتی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە هیچ پاساوێک بۆ بەغدا نەماوە بۆ دواخستنی مووچە، و داوا دەکەن لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027دا مووچەی هەرێم لە خەرجیی ڕاستەقینە (ئینفاق فیعلی) دەربهێنرێت.
لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کە ئەمڕۆ شەممە لە پیرمام بەڕێوە چوو، شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوە دا کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی لە ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان و وردبینیکردنی لیستی مووچەخۆران جێبەجێ کردووە، و پرۆسەی بایۆمەتری و بەبانکیکردنیش متمانەی نێوان هەردوو حکوومەتی زیاتر کردووە.
ناوبراو سەبارەت بە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 کە بڕیارە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت، ڕایگەیاند کە شاندی حکوومەت داوای کردووە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە خەرجیی ڕاستەقینە دەربهێنرێت تاوەکو هاوشێوەی پارێزگاکانی تری عێراق مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.
سەبارەت بە پشکی هەرێم لە بودجەدا، شاخەوان عەبدوڵڵا ئەوەی خستە ڕوو کە هێشتا هەولێر و بەغدا لەسەر ڕێژەی 14% ڕێکنەکەوتوون و گفتوگۆکان بەردەوامن، جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا یەکدەنگ بن و پرسی مووچە تێکەڵی ململانێی حزبی نەکەن.