سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا رایگەیاند: "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ی ئۆجالان، لە ٢٧ی شوباتی ساڵی ٢٠٢٥ بڵاوکرایەوە. دوای ٣٣٧ رۆژ لە بڵاوکردنەوەی، بانگەوازەکە کاریگەریی ئەرێنیی لە تورکیا و سوریا دروست کردووە.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە لێدوان بۆ پەرلەمانتارەکانی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا وتی، کۆتایی مانگی رابردوو، لە نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی هەسەدە و یەپەگە، ئاگربەستێکی هەمیشەیی و لێکتەگەیشتن بۆ جێبەجێکردنی قۆناغ بە قۆناغی رێککەوتنەکەی پێشوو، پێکهات.
سەرۆکی مەهەپە وتیشی، ئەم پێشهاتە نوێیەی سوریا، لە دابینکردنی سەقامگیریی درێژماوە، خاڵیکی چارەنووسسازە و جێگەی دڵخۆشییە. هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، کاریگەریی بانگەوازەکەی ئۆجالان، رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر سوریا داناوە و قۆناغی گرنگی تێپەڕ کردووە.
باخچەلی، سەبارەت بە بەرەوپێشچوونی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا وتی: بێ ئەوەی گوێ بە گوشارە بێ بنەما و تۆمەتە ناڕەواکان بدەین، پێویستە دەست بخەینە سەر ویژدان و بیربکەینەوە. مادام ئۆجالان بەڵینەکانی خۆی جێبەجێکردووە، پێویستە هەمووان رێزی لێبگرن.
ناوبراوە ئەوەشی راگەیاند، بۆ ئەوەی عەرەب، کورد، تورکمان و هەموو نەتەوەکان لە ئاشتی و برایەتی ژیان بکەن، رێگەیەکی مێژوویی کراوەتەوە.
سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا باسی لەوەش کرد، بە سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە ئەنادۆڵ دەگاتە ئاشتی، ئۆجالان دەگاتە هیوا، دەمیرتاش دەچێتە ماڵەوە و ئەحمەد تورکیش دەگەڕێتەوە پۆستەکەی خۆی.