بڕیارە ڕۆژی هەینی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی کۆشکی سپی و عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە ئەستەنبوڵ کۆببنەوە و ئەگەری ڕێکەوتنی ئەتۆمی تاوتوێ بکەن.
مەسعود پزشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران پێشتر فەرمانی دەستپێکردنی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا-ئێران ی کردبوو.
لە کاتێکدا ئیدارەی ئەمریکا لەم دواییانەدا ئاماژەی بە ئامادەیی خۆی کرد بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران، بەڵام هێشتا بژاردەی سەربازی هەر لەسەر مێزی ئەمریکا ماوەتەوە.
ئایەتوڵا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو: لە ئەگەری هەر هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەر ئێران شەڕی ناوچەیی لە ڕؤژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێدەکات، ئەمەش وایکرد هەریەک لە قەتەر، میسر و تورکیا هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ دروستبوونی دانوستاندنی نێوان ئێران-ئەمریکا.
ئەم هەنگاوە یەکەم دەستپێشخەری جددی دیپلۆماسییە دوای هێڕشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە حوزەیرانی ٢٠٢٥دا.