بەریتانیا لیستی سزای وڵاتەکەی بۆ پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بڵاوکردەوە و سزای نوێی بەسەر ١١ بەرپرس و ناوەندی کۆماری ئیسلامی ئێران سەپاند، ئوسترالیاش زیاتر لە ٢٠٠ کەس و ناوەندی، سەربە حکومەتی ئێرانی سزادا.
بە گوێرەی راگەیاندراوی فەرمیی حکومەتی بەریتانیا، ئەم بەرپرس و ناوەندانەی ئێران، بەهۆی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، سەرکوتی ئازادیی رادەربڕین، رێگری لە گردبوونەوە مەدەنییەکان و حاڵەتەکانی بنپێکردنی مافی ژیان، سزا و گەمارۆیان خراوەتە سەر.
لە لیستی سزاکانی بەریتانیا، ناوی ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران و بەشێک لە بەرپرسانی پۆلیس و دادەوەری دادگاکان و هەروەها بابەک زەنجانی، بازرگانی نزیک لە دەسەڵات، هاتووە.
فەرماندەیی پۆلیسی کۆماری ئیسلامی ئێران، وەک ناوەندێکی حکومەتیی، بە تاوانی بەشداریی راستەوخۆ لە سەرکوتکردنی خوێناوی خۆپیشاندەران، خراوەتە لیستی سزاکانی حکومەتی بەریتانیا.
بەریتانیا رایگەیاند، سزاکان بریتین لە راگرتنی هەموو ئەژمارە بانکی و سەرچاوە ئابوورییەکانی بەرپرس و ناوەندە دیاریکراوەکان. ئەوەشی ئاشکرا کردووە، هەر جۆرە مامەڵە یان پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی دارایی بە سزادراوان، وەک تاوان ئەژمار دەکرێت.
لە لایەکی دیکەشەوە حکومەتی ئوسترالیا، زیاتر لە ٢٠٠ کەس و ناوەندی، سەربە حکومەتی ئێرانی سزادا.
بە گوێرەی راگەیاندراوی ئوسترالیا، سزاکان ٢٠ ناوەندی گرێدراو بە سوپای پاسدارانی ئێرانی لەخۆگرتووە.