سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، دەتوانێت تەنیا لە یەک ڕۆژدا تەواوی کەرتی وزە و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و ژێرخانی ئابووریی ئێران بەتەواوی لەکار بخات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی نوێدا بۆ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی هەڕەشەی توندی ئاڕاستەی تاران کرد و ئاماژەی بەوەکرد، کە واشنتن چیتر ڕێگە نادات ئێران لەڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە بەو وڵاتانەی "حەزیان لێیە" پارە بەدەستبهێنێت.
سەبارەت بە تێپەڕینی کەشتییەکان بە گەرووی هورمزدا، جەختی لەسەر پەیڕەوکردنی سیاسەتی "یان هەمووی یان هیچ" کردەووە و هۆشداری دا کە تاران ناتوانێت کۆنترۆڵی ئەوە بکات کام کەشتی بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت و دەبێت یان هەموو کەشتییەک ڕێڕەوی سەلامەتی هەبێت یان هیچ کەشتییەک نەتوانێت تێپەڕێت.
ئاشکراشیکرد، کە گەمارۆ نوێیەکانی سەر ئێران هاوشێوەی ئەو سزایانە دەبن کە بەسەر ڤەنزوێلادا سەپێنراون، بەڵام بە قەبارەیەکی زۆر فراوانتر، بەو ئامانجەی تانکەری زیاتر بۆ کڕینی نەوت ڕوو لە ئەمریکا بکەن و تاران لە داهاتی سەرەکیی خۆی داببڕدرێت.