مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا تێکچوونی دانوستاندنە بازرگانییەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕاگەیاند و جەختی کردەوە، وڵاتەکەی لە 8ی ئەیلوولەوە ڕسووماتی نوێ بەسەر کەلوپەلی ئەمریکیدا دەسەپێنێت.
سەرۆکوەزیرانی کەنەدا ڕوونی کردەوە، دانوستاندنەکانی ساڵی ڕابردوو نەبوونە هۆی بەدیهێنانی ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە، دوای ئەوەی واشنتن پێشنیازی ناڕەوا و ناپێویستی خستبووە ڕوو. بەپێی گوتەی سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، ڕسووماتە بەرپەرچدەرەوەکانی کەنەدا بەپێی بنەمای دۆلار بەرامبەر دۆلار دەبن و سێکتەرەکانی ئاسن، ئەلەمنیۆم، بەرهەمە شیرەمەنییەکان، دار و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان دەگرنەوە.
مارک کارنی ئاماژەی بەوەش کرد، پەیوەندییە ئابوورییە مێژووییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا بە تەواوی گۆڕانیان بەسەردا هاتوو و چیتر ناتوانرێت وەک هاوبەشێکی جێگەی بڕوا سەیر بکرێت. بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەم بەربەرەکانێیەش، حکومەتی کەنەدا بڕی 25 ملیار دۆلاری بۆ پشتیوانیکردنی کۆمپانیا زەرەرمەندەکان و دۆزینەوەی بازاڕی نوێ تەرخان کردووە.
سەرۆکوەزیرانی کەنەدا جەختی کردەوە، وڵاتەکەی ستراتیژیی هەمەجۆرکردنی هاوبەشە بازرگانییەکانی دەستپێکردووە، لەوانە واژۆکردنی ڕێککەوتن لەگەڵ هیندستان، وڵاتانی ئاسیا و یەکێتیی ئەوروپا، تاوەکو ئابووریی کەنەدا لە پاشکۆیەتیی بازاڕی ئەمریکا ڕزگار بکات.