پەرلەمانی ئێران یاسایەکی نوێی پەسەند کرد، کە بەپێی ئەوە سەرجەم کەشتییە بازرگانی و نەوتییەکان لە بەرامبەر تێپەڕبوونیان بە گەرووی هورمزدا دەبێت ڕسومات بە حکومەتی ئێران بدەن لە بەرامبەر ئەو خزمەتگوزارییانەی پێیان دەبەخشرێت.
ئێران بەم هەنگاوە یاساییە دەیەوێت دەسەڵاتی دارایی، کارگێڕی و چاودێریی خۆی بەسەر ئەم ڕێڕەوە ستراتیژییەی وزەی جیهاندا بەهێزتر بکات.
مێژووی تێپەڕبوونی کەشتییەکان لەم ناوچەیەدا لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی پێشوو لەگەڵ ئەمریکا بووە، کە ڕێگەی دەدا بە جووڵەی ئازادانەی کەشتیوانی بەبێ باج و ڕسومات. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ئەم بڕیارە نوێیە کێشە و ئاڵۆزییەکان لە نێوان تاران و واشنتن قووڵتر بکاتەوە.
بەهۆی کۆتاییهاتنی لێکتێگەیشتنەکانی پێشوو، پێشبینی دەکرێت خولێکی نوێی ململانێ سیاسی لە نێوان هەردوو وڵاتدا سەرهەڵبداتەوە، هەروەها سەپاندنی ئەم ڕسووماتە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوەی نەوت و گازی جیهانی لە ڕێگەی ئەم گەرووە گرنگەوە.