پارت و ئەنجوومەنەکانی شارەکانی حەسەکە، دربێسێ، تەل تەمەر و زرگان، لە ڕێگەی چەند ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشەوە، بە توندی هەوڵەکانی حکومەتی کاتییان بۆ گۆڕینی ناوی شاری کۆبانێ و تەعریبکردنی ناوچەکە شەرمەزار کرد.
لە شاری حەسەکە، ڕاگەیاندراوەکە لەبەردەم بینای ئەنجوومەنی گەل لەلایەن فاروق تۆزۆ، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنەکە و ئایە مەجید، کارمەندی ڕادیۆی خابوور ئێف ئێم خوێندرایەوە. هاوکات لە تەل تەمریش لە پارکی ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدان لە لایەن نیزال ئەمین، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی پەیەدەی تەل تەمر و مامۆستا ئەیھان یونس خوێندرایەوە.
لەلایەکی دیکەوە، لە شاری زرگان ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەکە فوئاد سمۆ و سێبەر عەلی لەبەردەم بینای ئەنجوومەنەکەدا ڕاگەیاندراوەکەیان خوێندەوە، و لە شاری دربێسێش دلبەر شەمۆ، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی پەیەدەی دربێسی ئەرکی خوێندنەوەی بەیاننامەکەی گرتە ئەستۆ.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، ناوی کۆبانێ تەنها ناوێکی جوگرافی نییە تا بە بڕیارێکی ئیداری بگۆڕدرێت، بەڵکوو ناسنامەیەکی مێژوویی و کەلتووریی ڕەسەنە لە بیرەوەریی گەلەکەیدا. ئاماژە بەوەش کرا کە بەتایبەت دوای بەرخۆدانی قارەمانانەی یەپەگە و یەپەژە دژ بە چەتەکانی داعش، ناوی کۆبانێ لەسەر ئاستی جیهان دەنگی دایەوە و بووە سیمبولێکی نێونەتەوەیی بۆ ئازادی و پاراستنی شکۆ.
پارت و ئەنجوومەنەکان ڕایانگەیاند، هەوڵەکانی گۆڕینی ناوی گوند و شارەکان، بەردەوامیی سیاسەتی شۆڤێنیانەی ڕژێمی بەعسە و گوزارشت لە ئیرادەی ڕاستەقینەی دانیشتوانی ناوچەکە ناکات.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هۆشداری درا کەنوسینەوە و دەستدرێژیکردنە سەر سیمبولە کوردییەکان دەکرێت ببێتە هۆی درووستبوونی ئاژاوە لە نێوان پێکهاتەکانی ناوچەکەدا و دابەشبوونی کۆمەڵایەتی قووڵتر بکاتەوە، ئەمەش ئەو هەوڵانە لەباردەبات، کە بۆ بنیاتنانی سووریایەکی دیموکراتیک لەسەر بنەمای قبووڵکردنی فرەڕەنگیی کەلتووری, نەتەوەیی و ڕێزگرتن لە ماف و ئیرادەی سەرجەم پێکهاتەکان دەدرێن.