وریشە مورادی، زیندانیی سیاسیی کورد، کە لە زیندانی ئێڤینی تاراندا بەندکراوە، دوای بانگهێشتکردنی بۆ لقی 15ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی، ئامادە نەبوو لە دانیشتنی دادگادا بەشدار بێت و ڕایگەیاند، ئەم دادگایە بە ڕەوا و فەرمی دانانێت.
وریشە مورادی، کە لە ساڵی 2024دا بە تۆمەتی جۆراوجۆری سیاسی حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، دوای ئەوەی حوکمەکەی لەلایەن دیوانی باڵاوە (دیوانی عالی) هەڵوەشێندرایەوە، دۆسیەکەی بۆ پێداچوونەوە و دادگاییکردنەوەی ڕەوانەی هەمان لقی دادگای شۆڕش کرابووەوە، بەڵام وریشە مورادی لەسەر بنەمای ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە شێوازی دادگاییکردنەکەی، بایکۆتی دانیشتنەکەی کرد.
هاوکات، گوڵڕوخ ئیرایی، چالاکوان و زیندانیی سیاسی، لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، کە وریشە مورادی لە ماوەی دەستبەسەرکردن و مانەوەی لە زینداندا، لەژێر گوشارێکی زۆری دەزگا ئەمنییەکاندایە و ڕووبەڕووی چەندین جۆر سزا بووەتەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، وریشە مورادی لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی، چاوپێکەوتن و دیداری ڕووبەڕوو لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییە پێویستەکان بێبەش کراوە.