راپۆرت
رۆژێکی ڕەش لە مێژووی کورددا، برینێکی قوڵ، کە تێیدا پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی هەوڵیدا ڕۆحی ئازادیی لە پشت دیوارە ساردەکانی ئیمراڵی کۆتوبەند بکات. ئەو ڕۆژە، کە بە "ڕۆژی ڕەش" ناونراوە، گوزارشتە لە ململانێی نێوان تاریکیی زیندان و ڕووناکیی فیکرێک، کە بە گرتنی ڕێبەرەکەی نەک هەر دانەمرکایەوە، بەڵکو بوو بە مەشخەڵێک و سنوورەکانی بڕی.
رۆژی 15ی شوبات، ماوەی 27 ساڵ بەسەر دەستگیرکردنی ئۆجالاندا تێدەپەڕێت، کە لە رۆژی 15ی شوباتی 1999 بە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی، لە نایرۆبی پایتەختی کینیا دەستگیرکرا و رادەستی تورکیا کرایەوە.
ئۆجالان لەبارەی ئەم پیلانگێڕییەوە دەڵێ، پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی لە ڕاستیدا لە ساڵی 1998دا دەستیپێکرد، لەو کاتەدا نوێنەرانی ئەمریکا و بەریتانیا بە پەیامێک ڕایانگەیاند، پێویستە تۆ بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بجوڵێیتەوە، بە پێچەوانەوە ئێمە پاکتاوت دەکەین، لە ڕاستیدا بڕیاری پاکتاوکردنی من لەلایەن ئیسرائیل-بەریتانیا و ئەمریکاوە درابوو.
کاتێک ئۆجالان لە سوریا بوو، لە 9ی تشرینی یەکەمی 1998 نەخشەیەک بۆ ڕفاندنی و ڕادەستکردنی بە تورکیا داڕێژرا، بەریتانیا داڕێژەر و ئەمریکا سەرپەرشتیی پیلانگێڕییەکەی دەکرد، بە سەرپەرشتی دەزگا سیخوڕییەکانی (میت، مۆساد، سی ئای ئەی). ئۆجالان لە شامەوە بەرەو ئەسینا بەڕێکەوت، یەکەم هەنگاوی ئەم پلانگێڕییەش لەلایەن ئەمریکا-بەریتانیا-سیمیتس ەوە خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، دوای ئەسینا ڕۆیشت بۆ ڕوسیا و ئیتالیا، بەڵام لەلایەن هیچ کام لەم وڵاتانەوە مافی پەنابردنی پێنەدرا.
لە هەنگاوی دوایی پیلانگێڕییەکەدا لە 15ی شوباتی 1999دا لە فڕۆکەخانەی نایرۆبی وڵاتی کینیا و بە پلانگێڕییەکی هاوبەشی هەواڵگری و سەربازی نێوان وڵاتانی ئەوروپی، ئیسرائیل و ئەمریکا دەستبەسەرکرا و ڕادەستی تورکیا کرایەوە.
ئامانجی پیلانگێڕییەکە ئەوە بوو، تورکیا ئۆجالان لەسێدارەبدات و شەڕێکی خوێناوی لەنێوان کورد و تورک بەرپاببێت.
بوڵەند ئەجەوید، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی تورکیا، وتی: من نازانم ئەمریکا بۆچی ئاپۆی ڕادەستی ئێمە کردووەتەوە.
لە 27ی حوزەیرانی 1999 بڕیاری لەسێدارەدان لەلایەن دادگای دادی ئەنقەرەوە دەرچوو، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی گەلی کورد و خۆپیشاندانەکانیان لە سەرانسەری کوردستان و جیهان دا، جێبەجێکردنی بڕیارەکە وەستێنرا، لە ساڵی 2002دا بڕیارەکە لە لەسێدارەدانەوە گۆڕا بۆ زیندانی هەتاهەتایی.
لەو کاتەوە تا ئێستا کە ماوەی 27 ساڵە، ئۆجالان لە زیندانی دوورگەی ئیمراڵی زیندانی کراوە، بەڵام دەستبەرداری داواکارییەکانی بۆ ماف و ئازادیی گەلی کورد نەبووە و لە ساڵانی زیندانیشدا هەزاران لاپەڕی نووسیوە و بە شێوەی کتێب بڵاوبوونەتەوە.
کاریگەریی ئۆجالان لە زیندانیش بەردەوام بووە، لە ڕێگەی فکر و کتێبەکانییەوە ڕێنمایی بە تەڤگەر و گەلەکەی داوە، ئێستاش نزیکەی ساڵێک و شەش مانگە پرۆسەی ئاشتی دەستیپێکردووە و جارێکی دیکە هەموو چاوەکان لەسەر ئیمراڵین و یار و نەیار وەکو کلیلی چارەسەری لێی دەڕوانن.