کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا بە توندی هێرشە موشکی و درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان سەرکۆنە کرد و بە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستانی لە قەڵەمدا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم هێرشانە پەلاماردانی ئیرادەی گەلی کورد و قەوارەی فەرمیی هەرێمی کوردستانە لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا و جەخت کرایەوە، کە نابێت خاکی هەرێم بکرێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ململانێ سەربازی و سیاسییە هەرێمی و جیهانییەکان. هەروەها بێبنەمایی ئەو پاساوانەی ڕەتکردەوە، کە لە لایەن ئێرانەوە دەهێندرێنەوە، وەک بوونی هێزی بیانی یان لێدانی پارتەکانی ڕۆژهەڵات.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، وەگەڕخستنی پەرلەمان و بەهێزکردنی دامودەزگا یاساییەکان وەک پێویستییەکی بەپەلە و لەپێشینە سەیر دەکرێت بۆ پاراستنی ئاسایش و سەروەریی هەرێم.
لە ڕاگەیاندراوەکەی کەنەکەدا، بانگەواز بۆ تەواوی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کراوە، کە یەکڕیزیی نەتەوەیی و هەڵوێستی هاوبەش پێکبهێنن تاوەکو بتوانن بەرەنگاری مەترسییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان ببنەوە.