لە چوارچێوەی بەردەوامیی سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بۆ سەر ئێران، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتووی لە دەریای عەرەبدا ڕاگەیاند و تازەترین ئاماری ڕێگرییە دەریاییەکانی ئاشکرا کرد.
بە گوێرەی زانیارییەکانی سێنتکۆم، فڕۆکەیەکی جەنگیی نەبینراو لە جۆری F-35 سەر بە هێزی دەریایی ئەمریکا لەسەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن لە دەریای عەرەب فڕیوە، بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە ئۆپراسیۆنی گەمارۆدانی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر ئێران.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاشکرای کرد، تاوەکو ئەمڕۆ 2ی ئابی 2026، لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنەکانی ڕێگری لە گەرووی هورمز و دەریای عەرەب، هێزەکانیان ڕێڕەوی 35 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە، دوو کەشتییان پەکخستووە و هەڵیانکوتاوەتە سەر دوو کەشتیی دیکە و پشکنیویانە.