بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لەسەر پرسە سەرەکییەکانی پەیوەندیدار بە ئێران، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هاوڕا و کۆکن.
نەتانیاهۆ لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ تۆڕی (CNBC) ئاماژەی بەوە کرد، بۆ ئەو گرنگ نییە ئەگەر دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بێئەنجام کۆتایی بێن، ڕوونیشیکردەوە کە تاران هێشتا ڕازی نەبووە پاشەکەوتی ئۆرانیۆمەکەی بنێرێتە دەرەوە، بەڵام گوشارەکانی سەر تاران لە زیادبووندان و گوتی: "کاری ئێران هێشتا تەواو نەبووە، بەڵام لاواز بووە."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەوەش کردەوە کە دەستپێکردنەوەی جەنگی گشتگیر لە دژی ئێران بەستراوەتەوە بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپەوە، بەڵام هاوکات هۆشدارییدا و گوتی: "هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئامادەباشیدان، پێموایە ئێران دەبێت ئەمە لەبەرچاو بگرێت؛ ئەوان ئێستا یاری بە ئاگر دەکەن و ئەمەش ڕوونە."
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ لە پادکاستی (Pod 14) دانی بەوەدا نا کە گفتوگۆیەکی توندی لەگەڵ نەتانیاهۆدا هەبووە و ڕایگەیاند: "ناڵێم تووڕە بووم، بەڵام بەهۆی جەنگی بەردەوامی لەگەڵ لوبنان کەمێک نیگەران و شڵەژاو بووم".
جەختشی کردەوە کەپەیوەندی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باشە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" پێشتر بڵاویکردبووەوە، ترەمپ لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە توندی هێرشی کردووەتە سەر نەتانیاهۆ و پێی گوتووە ئەگەر ئەو نەبووایە ئێستا لە زینداندا دەبوو.