هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش) ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی بەرفراوانیان لە شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد، کە ئامانجی سەرەکی لێی بەهێزکردنی ئاسایش، چەسپاندنی سەقامگیری، و ڕێگریکردنە لە دزی و تاوانە جۆراوجۆرەکانی دیکە کە لەم دواییانەدا لە شارەکەدا ڕوویان لە زیادبوون کردووە.
بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکان، بڕیارە ئەم ئۆپەراسیۆنە بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام بێت و تەواوی خاڵەکانی چوونە ژوورەوە و دەرچوونی شارەکە، ڕێگا سەرەکییەکان و گەڕەکەکانی نیشتەجێبوون بگرێتەوە.
هاوکات لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی ئارامی و ڕێگریکردن لە پێشێلکارییە ئەمنییەکان، پشکنینەکان بە شێوەیەکی چڕوپڕ ماتۆڕسکیلەکان دەکەنە ئامانج.
لەم ئۆپەراسیۆنەدا هێزەکانی دژەتیرۆری ڕۆژئاوا(HAT) و تیمەکانی پۆلیسی هاتووچۆ بەشدارییەکی کارا دەکەن، و بۆ گەیشتن بە ئامانجە دیاریکراوەکانیش، تیمە ئەمنییەکان بە شێوەی دەوریەی 24 کاتژمێری لە حەوت ڕۆژی هەفتەدا لە ئەرکدا دەبن.