ئەمریکا لە ڕێگەی پەیامێکی هۆشدارییەوە بۆ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، ڕەتیدەکاتەوە ڕێگە بە بەشداریپێکردنی شەش گرووپی چەکدار بدرێت لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراقدا.
ئاژانسی هەواڵی سومەریە نیوز، لە زاری بەرپرسێکی عێراقەوە، ناوەڕۆکی پەیامێکی توندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بۆ حکومەتی عێراق ئاشکرا کرد، کە تێیدا ڤیتۆ خراوەتە سەر بەشداریی ئەو گروپە چەکدارانەی ناو حکومەتەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەبارەی ئەم پەیامەوە ڕایگەیاند، هۆشدارییەکەی ئەمریکا لە ڕێگەی نامەیەکەوە گەیەنراوەتە کۆمەڵێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، بەبێ ئەوەی ناوی ڕاستەوخۆی ئەو شەش گرووپە چەکدارە ئاشکرا بکرێت، کە قەدەغەکردنەکە دەیانگرێتەوە.
هاوکات، گوتەبێژێک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، واشنتن لە نزیکەوە چاودێریی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق دەکات و جەختیشی کردەوە: "پێویستە گرووپە چەکدارەکان هیچ جۆرە ڕۆڵ و پێگەیەکیان لە ناو دامەزراوەکانی حکومەتی عێراقدا نەبێت".
سەرەڕای ئەوەی هێزەکانی نزیک لەو شەش گرووپە چەکدارە، خاوەنی نزیکەی 80 کورسین لە پەرلەمانی عێراقدا، بەڵام لە دوای هۆشدارییەکەی ئەمریکاوە پاشەکشەیان لە دابەشکارییەکانی ناو کابینەی نوێدا پێوە دیارە.
لای خۆیەوە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای بەدەستهێنانی متمانەی پەرلەمان جەختی لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوو کردەوە و ڕایگەیاند، بە ئاڕاستەی چەسپاندنی سەقامگیری و بەهێزکردنی شکۆی دەوڵەت هەنگاو دەنێن.