جۆن ڕاتکلیف، سەرۆکی ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) لە سەردانێکی کتوپڕدا بۆ هاڤانا، هۆشداریی توندی ئیدارەی ترەمپی گەیاندە سەرکردەکانی کوبا، هاوکات دۆناڵد ترەمپ ناوی ئەو وڵاتە وەک "دەوڵەتێکی شکستخواردوو" دەبات و هەڕەشەی دەستوەردانی سەربازی دەکات.
ئەمڕۆ ڕۆژنامەی فاینانشناڵ پۆست، ناوەڕۆکی سەردانی شاندە باڵاکەی CIAـی بۆ کوبا ئاشکرا کرد، کە ئەمەش دوای بێئومێدبوونی ئەمریکا دێت لە خاوی پڕۆسەی چاکسازیی ئابووری و کرانەوەی سیاسی لەو وڵاتەدا. بەگوێرەی زانیارییەکان، ئیدارەی ترەمپ، مەرجی واژۆکردنی هەر ڕێککەوتنێکی بە ئەنجامدانی گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە سیستەمی سیاسی و ئابووریی ئەو وڵاتە بەستووەتەوە.
بەرپرسێکی باڵا لە ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) سەبارەت بە ناوەڕۆکی گفتوگۆ نهێنییەکان تایبەت بە فاینانشناڵ پۆست ڕایگەیاند، شاندی ئەمریکی دۆسیەکانی ئابووری، ئاسایش و هاوکاریی هەواڵگرییان تاوتوێ کردووە و گوتی: "سەرۆکی CIA بە ڕوونی بە بەرپرسانی کوبای گوتووە، دەبێت هەڕەشەکانی سەرۆک ترەمپ بە جدی وەربگرن؛ ڕێک وەک چۆن لە کانوونی دووەمی ڕابردوودا فەرمانی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلای دەرکرد و دەستگیری کرد".
ئەو بەرپرسە راشیگەیاند: "دانوستانکارانی ئەمریکی لە ناوخۆی کوبا ڕووبەڕووی ئاستەنگ بوونەتەوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ باڵە جیاواز و ناکۆکەکانی ناو دەسەڵات، لەوانە خێزانی کاسترۆ، فەرماندەکانی سوپا، بیرۆکراسییەتی پارتی کۆمۆنیست و نەوەی سەرکردە شۆڕشگێڕەکان. بۆیە واشنتن سزاکانی سەر کۆمەڵەی بازرگانیی 'گایسا'ی سەر بە سوپای کوبای چڕکردووەتەوە و مۆڵەتی مانگێکی داوەتە کۆمپانیا بیانییەکان، وەک هۆتێلە ئیسپانییەکان، بۆ ڕاگرتنی کارەکانیان لەگەڵ ئەو کۆمەڵە سەربازییە".
له لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی ئێران، ئەگەری هەیە سوپای ئەمریکا "سەردانێکی" ئەو دوورگەیە بکات و دەستوەردانی سەربازی ئەنجام بدات. هاوکات مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش پلانەکەی ترەمپی بۆ لادانی میگێل دیاز-کانێل، سەرۆکی کوبا و خێزانی کاسترۆ لە دەسەڵات پشتڕاستکردەوە، کە لە دوای شۆڕشی ١٩٥٩ـەوە جڵەوی حوکمڕانیی ئەو وڵاتەیان بەدەستەوەیە.