وەزارەتی دادی تورکیا ئاشکرای کرد، چاوەڕوان دەکرێت ڕەشنووسی "یاسای چوارچێوە" کە تایبەتە بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، لەم هەفتەیەدا بە مەبەستی تاووتوێکردن ئاڕاستەی کۆمیسیۆنی داد لە پەرلەمانی تورکیا بکرێت.
ئاکین گورلەک، وەزیری دادی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند، پرۆسەی چارەسەرکردنی پرسی کورد گەیشتووەتە قۆناغێکی زۆر جدی و گرنگی خۆی، هەروەها ڕوونی کردەوە، ڕەشنووسەکە لە 15 مادەی سەرەکی پێک دێت و دەستەی گشتیی پەرلەمان هەڵسەنگاندنی کۆتایی بۆ دەکات.
وەزیری دادی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتەکەیان تەنیا لە ڕووی تەکنیکی و یاساییەوە پشتیوانی لە داڕشتنی "یاسای چوارچێوە" کردووە و بڕیاری کۆتایی لەبارەی ناوەرۆکەکەیەوە بە تەواوەتی لە دەسەڵاتی پەرلەماندا دەبێت.
ئاکین گورلەک جەختیشی کردەوە، ئەم یاسایە بە هیچ شێوەیەک بڕگە یان مادەیەکی تایبەت بە لێبوردنی گشتیی یان تایبەتی کەسەکان لەخۆ ناگرێت.