سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕەخنەی توند لە ئادای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت و ئۆپۆزسیۆنی ئێستاش بەوە تۆمەتبار دەکات کە خەباتەکەیان تەنها لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا قەتیس کردووە.
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ڕەفتارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر هاووڵاتییان "نابەرپرسانەیە" و ڕۆژانە کێشە و ئاستەنگی نوێ بۆ ژیانی خەڵک دروست دەکات.
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ جەختی لەسەر بەردەوامیی هەوڵەکانیان کردەوە بۆ گۆڕانکاری و ڕایگەیاند: "تاوەکو ئەم حکومەتە نەڕوخێنین وازناهێنین، جا لە ڕێگەی دادگای فیدراڵییەوە بێت یان بە هەر ڕێگەیەکی دیکەی ڕەوا."
شاسوار عەبدولواحید ڕەخنەی لە هێزەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن گرت و گوتی: "ئۆپۆزسیۆنی ئێستا تەنها لە فەیسبووکەوە قسە دەکات و هیچی تر. لە کاتێکدا کاتێک ئێمە لە ئۆپۆزسیۆن بووین، کارمەند و ئۆتۆمبێلەکانمان لەسەر شەقامەکان بەنزینیان بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکرد."
دەشڵێت، لە ڕێگەی فرۆکسیۆنەکەیان لە بەغدا بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن: "ئێستا سروە عەبدولواحیدی خوشکم لە بەغداوە بەردەوام لە هەوڵدایە و خۆشم لێرەوە شەو و ڕۆژ خەریکی کارکردنم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."