وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، بەهۆی ئەنجامدانی چاکسازیی لەلایەن کۆمپانیای دانە گازەوە، بەرهەمهێنانی گاز بۆ ماوەی مانگێک کەم دەبێتەوە، بەڵام بەرپرسانی پەیوەندیدار دڵنیایی دەدەن، کە هیچ قەیرانێک لە دابەشکردنی گازی ماڵاندا دروست نابێت و نرخەکەی وەک خۆی دەمێنێتەوە.
سالار محەممەد، بەرپرسی دابەشکردن و پشکنین لە نەوت و کانزاکانی هەولێر، تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی ڕاگەیاند: "ئاگاداری کاتی چاکسازییەکە بووین و زیاتر لە دوو مانگە ئامادەکاریمان کردووە و کۆگاکانمان پڕ کردووەتەوە". جەختیشی کردەوە، هاونیشتمانییان مانگانە بە هەمان نرخی فەرمی (هەشت هەزار و 500 دینار لە هەولێر و نۆ هەزار دینار لە سلێمانی) بوتڵی گاز وەردەگرن، تەنیا ئەگەر هەیە نرخی گازی بازرگانی لە بەنزینخانەکاندا کەمێک گۆڕانکاری بەسەردا بێت.
لای خۆیەوە، عومەر عەبدوڵا، بەرپرسی دابەشکردنی گاز لە سلێمانی، وێڕای دڵنیاییپێدان بە هاووڵاتییان، ئاشکرای کرد، غازی کۆگاکراو بەشی دوو مانگ بۆ دوو مانگ و نیو دەکات و لە مانگی داهاتووەوە هەوڵ دەدرێت مانگانە دوو بوتڵ گاز بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش بکرێت.
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بەهۆی پرۆسەی چاکسازییەوە بڕی بەرهەمهێنانی گاز لە هەرێمی کوردستان لە 640 ملیۆن پێ سێجاوە بۆ 520 ملیۆن پێ سێجا کەم دەبێتەوە.