دەزگای چاودێریی تەندروستیی ڕووسیا ڕایگەیاند، هیچ مەترسییەکی بڵاوبوونەوەی پەتا نییە، ئەمەش دوای ئەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی تەکنیکارێکی تاقیگە لە هەرێمی سیبیریا بە نەخۆشیی تاعوون بڵاو بووەوە و مۆسکۆشی خستە ژێر فشارێکی چڕی نێودەوڵەتییەوە بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاریی شەفاف.
ڕۆژی هەینی، پێگەی هەواڵیی (People of Baikal)ـی ڕووسی بڵاوی کردەوە، ژنێکی تەمەن 28 ساڵ بە ناوی کارمەندی پەیمانگەی توێژینەوەی تاعوون لە ناوچەی ئیرکوتسک لە سیبیریا بەو نەخۆشییە گیانی لەدەست داوە، کە پێ دەچێت لە ڕێگەی شوشەیەکی شکاوی تاقیگەوە تووش بووبێت، لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی ڕووسیا پێشتر هۆکاری گیانلەدەستدانەکەیان بۆ هەوکردنی سییەکان گەڕاندبووەوە.
دەزگای چاودێریی تەندروستیی ڕووسیا لە ڕاگەیێندراوێکدا دڵنیاییدا، دۆخی تەندروستی لە ناوچەکە هێمنە و هیچ مەترسییەکی تەشەنەکردن بوونی نییە و ئاماژەی بەوە دا کە زیاتر لە 90%ـی ئەوانەی بەرکەوتنیان لەگەڵ کارمەندەکەدا هەبووە پشکنینی پزیشکییان تەواو کردووە و ئەنجامی نزیکەی 5000 پشکنینی تاقیگەییش هیچ بەکتریایەکی مەترسیداری نیشان نهداوە.
هاوکات ڕوونیشی کردەوە، ئەو ژنە پێشتر ڤاکسینی وەرگرتبوو و لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیشدا زانیاری ئاڵوگۆڕ کراون، ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا داوای شەفافیەتی زیاتریان لە مۆسکۆ کردبوو.