لە چوارچێوەی دەنگۆکانی پەیوەست بە ئامادەکردنی یاسای چوارچێوە بۆ پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا، بەشێکی بەرچاو لە سیاسەتمەداران و چالاکوانانی تاراوگە چاوەڕوانی گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان دەکەن.
ڕەمزی کارتاڵ، سیاسەتمەداری دیاری کورد، کە ماوەی 32 ساڵە لە ئەوروپا دەژێت ڕایگەیاند، ئەگەرچی هێشتا ناوەڕۆکی وردی یاسای چوارچێوە نەزانراوە، بەڵام ئومێد و پەرۆشییەکی گەورە لەلای ئاوارە و پەنابەرە سیاسییەکان دروست بووە.
ئەو سیاسەتمەدارەی کورد جەختی کردەوە، عەبدوڵا ئۆجالان ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە ڕێکخستن و ئاڕاستەکردنی لایەنی کوردی لە تەواوی پڕۆسەی چارەسەریدا.
ڕەمزی کارتاڵ ئاماژەی بەوەش کرد، لایەنی کوردی تەنها پشت بە دەقە یاساییەکان نابەستێت، بەڵکو پەیام و ڕێنماییەکانی ئۆجالان وەک هەوێنی سەرەکیی هەنگاوەکانی داهاتوویان لە بەرچاو دەگرن و تەواوی تێکۆشەرانی ڕێگەی ئازادی بەپەرۆشەوە چاودێریی پێشهاتەکان دەکەن.