بزوتنەوەی نوجەبای عێراقی بە توندی سەرکۆنەی ڕەفتارەکانی هێزە دەریاییەکانی کوێت دەکات بەرامبەر بە ماسیگرە عێراقییەکان لە ئاوە هەرێمییەکاندا. سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسیی بزوتنەوەکە هۆشداریداوە کە ئەگەر حکومەتی عێراق سنوورێک بۆ ئەم سەرپێچیانە دانەنێت، وەڵامیان بۆ تەمبێکردنی دەستدرێژیکاران دوور نابێت.
عەلی ئەسەدی، سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسیی بزوتنەوەی نوجەبا لە ڕاگەیاندراوێکدا دەڵێت: بێدەنگبوون لە بەرامبەر پێشێلکارییەکانی کوەیت بەرامبەر بە عێراق و ماسیگرەکانی جێگای شەرمەزراییە . ئەو ڕەفتارانەی بەرامبەر بە کاسبکارانی عێراق لە ئاوە هەرێمییەکاندا دەکرێن، "تەنیا لە کردەوەکانی زایۆنیستەکان دەچێت بەرامبەر بە گەلی فەلەستین".
ئەسەدی جەختی کردەوە کە کوژرانی ماسیگرێکی عێراقی لەم دواییانەدا لە لایەن هیزە دەریاییەکانی کوێتەوە، بەڵگەی بێباکی و بێڕێزیکردنە بە ژیانی عێراقییەکان و پێویستە حکومەت بەپەلە کۆتایی بەم سەرەڕۆییە بهێنێت.
ماسیگرە ڕزگاربووەکانی شارۆچکەی فاو لە لێدوانێکیاندا بۆ میدیا عێراقییەکان، باسیان لە هێرشەکە کردو دەڵێن ڕووداوەکە لە نێو ئاوەکانی فاو ڕوویداوە، کاتێک هێزەکانی کوەیت بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و بە شێوەیەکی کتوپڕ تەقەی ڕاستەوخۆی لە ماسیگرە عێراقییەکان کردووە.
لە ئەنجامی تەقەکاندا، ماسیگر "نەجم عەبدوڵڵا" بەهۆی بەرکەوتنی فیشەک بە سەر و سنگی دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە، و هاوڕێکەی بە ناوی "سائر" فیشەکێک بەر سەری کەوتووە کە بووەتە هۆی ئیفلیجبوونی تەواوی قاچەکانی.
ماسیگرەکان ئاماژەیان بەوەش دا، پاش 6 ڕۆژ لە لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجە، بەهۆی دەستوەردانی ڕاستەوخۆ و هەوڵەکانی وەزارەتی دەرەوەی عێراق و پارێزگاری بەسرە، ئازاد کراون و گەڕێنراونەتەوە، بەڵام ئێستا بەهۆی زیانە جەستەیی و مەعنەوییەکانیانەوە داوای قەرەبوو و پاراستنی سەلامەتییان دەکەن لە ناوچە سنوورییەکاندا.