بۆ یەکەمجار لە مێژووی تۆپی پێدا، گەورەترین یاریزانی مێژوو و جێگرەوە شایستەکەی لە هێڵی هێرشبەری بارسێلۆنا، لەسەر گەورەترین شانۆی جیهانی ڕووبەڕووی یەک دەبنەوە؛ فیناڵی مۆندیال لە نێوان ئەرژەنتین و ئیسپانیادا.
ئەم ڕووداوە مێژووییە کە هاوکاتە لەگەڵ ئامادەبوونی لیۆنێل مێسی تەمەن 39ساڵ و لامین یامالی تەمەن19 ساڵ، تەنیا یارییەکی ئاسایی نییە، بەڵکو کۆبوونەوەی دوو نەوەی جیاوازە:
مێژووی ئەفسانەیی مێسی و بەھرەی سەرسوڕهێنەری یامال، بەڵام خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە ئەمە یەکەمجار نییە ڕێڕەوی ژیانی ئەم دوو ئەستێرەیە بەیەک دەگات.
یەکەم دیداری نێوانیان بۆ نزیکەی دوو دەیە پێش ئێستا و بۆ ساڵی ٢٠٠٧ دەگەڕێتەوە؛
ئەو کاتەی مێسی تەمەن ٢٠ ساڵ تازە سەرەتای درەوشانەوەی بوو لە پێکهاتەی سەرەکیی بارسێلۆنەدا، لامین یامالیش تەنیا کۆرپەیەکی پێنج مانگ بوو.
ئەم چرکەساتە ناوازەیە لە زنجیرە وێنەیەکی فۆتۆگرافەر خوان مۆنفۆرتدا تۆمار کراوە، کە دوو ساڵ لەمەوبەر و هاوکات لەگەڵ پاڵەوانبوونی ئیسپانیا لە یۆرۆی ٢٠٢٤دا، کاتێک باوکی لامین یەکێکیانی لە سۆشیال میدیا لەژێر ناوی "سەرەتای دوو ئەفسانە" بڵاوکردەوە، جیهانی تووشی سەرسوڕمان کرد.
مۆنفۆرت لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئەمە بەڕاستی موعجیزەی قەدەرە؛ ئەگەر ئەم چیرۆکە بۆ فیلمێکیش بنووسرایە، هیچ کەسێک لە جیهاندا بڕوای نەدەکرد."
"مێسی بە هیچ شێوەیەک نەیدەزانی لەگەڵ منداڵێکدا چی بکات"

ئەم وێنە مێژووییانە لە ڕاستیدا لە ڕوختکەنی تیمی میوان لە یاریگەی نوکامپی بارسێلۆنا گیرابوون، کاتێک خێزانی لامین کە دایک و باوکێکی کۆچبەری کەمداهاتی مەغریبی و گینێیی بوون، لە ڕێگەی تیروپشکی ڕۆژنامەیەکی وەرزشی و ڕێکخراوی یونیسێفەوە، مافی وێنەگرتنیان لەگەڵ یاریزانێکی بارسا بردبووەوە و بە تەواوی بەڕێکەوت نۆرەیان بەر مێسی کەوت.
فۆتۆگرافەرەکە بە پێکەنینەوە یادەوەریی ئەو ڕۆژە دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "مێسی کەسێکی یەکجار شەرمن، کەمدوو و گۆشەگیر بوو، کاتێک کۆرپەکەیان دایە دەستی، لە ڕوخسارییەوە دیار بوو کە بە هیچ شێوەیەک نازانێت چۆن حەمامی پێبکات و چی بکات؛
بەڵام لامین منداڵێکی زۆر خەندەاوی بوو و دایکیشی هاوکارمان بوو، مێسی-یش زۆر پرۆفیشناڵانە خۆی گونجاند، هەرچەندە منیش تا ساڵی ٢٠٠٤ نەمدەزانی ئەو منداڵە لامین یامالە."
"چاکەی دایک و باوکم هیچ کات قەرەبوو ناکرێتەوە"

بەراوردکاریی نێوان هەردوو یاریزانەکە لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا سەرسوڕهێنەرە؛
مێسی لەو تەمەنەدا تەنیا ١١ گۆڵی تۆمارکردبوو، بەڵام لامین یامال کە دووشەممەی ڕابردوو تەمەنی بوو بە ١٩ ساڵ، خاوەنی ٥٦ گۆڵ و سێ نازناوی لالیگا و پاڵەوانێتیی یۆرۆی ٢٠٢٤ە. ناوی "لامین یامال" لە بنەڕەتدا ناوی یەکەمیەتی و وەک وەفایەک بۆ دوو هاوڕێی باوکی نراوە کە لە ڕۆژانی سەختی هەژاریدا هاوکاریی دارایی خێزانەکەیانیان کردبوو؛
یامال کە لە گەڕەکێکی کرێکاریی ماتارۆ گەورە بووە و لە کاتی گۆڵدا ئاماژە بە کۆدی پۆستی گەڕەکەکەیان (٣٠٤) دەکات، دەڵێت: "دایک و باوکم هەموو شتێکیان پێبەخشیم بۆ ئەوەی بگەمە ئێرە، ئەمە چاکەیەکە کە هیچ کات ناتوانم قەرەبووی بکەمەوە."
"بۆ من سەختە؛ دڵم لەگەڵ هەردووکیاندایە"

بۆ خوان مۆنفۆرتی فۆتۆگرافەر کە ئێستا تەمەنی ٥٨ ساڵە و خۆی خەڵکی کەتالۆنیا و هاندەری سەرسەختی یانەی بارسێلۆنایە، ئەم ڕووبەڕووبوونەوە مێژووییە لە فیناڵی مۆندیالدا، باشترین و جوانترین کۆتاییە بۆ ئەو چیرۆکەی بیست ساڵ لەمەوبەر بە کامێراکەی تۆماری کردووە.
ئەو بە سۆزەوە دەڵێت: "ئەمە کۆتاییەکی شاهانەیە؛ من هاندەری بارسام و پێم وایە چەندە شکۆدار دەبێت ئەگەر مێسی کاروانی وەرزشیی خۆی بە بردنەوەی دووەم جامی جیهانی کۆتایی پێ بهێنێت چونکە بەڕاستی شایستەیەتی، لە هەمان کاتدا لامین هێشتا سەرەتایەتی و کاتی زۆری لە پێشە، بۆیە ئێستا بەڕاستی بۆ من سەختە و دڵم لەگەڵ هەردووکیاندایە."